شاناز بە گاڵتەوە بۆ چوار حزبەکە: ئەمجارە بە قاچ دەنگەکان بژمێرنەوە

:: PM:02:07:15/08/2018 ‌

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوشکى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى جیاکردنەوەى دەنگەکان، گاڵتە بە چوار لایەنە سیاسییەکەى سلێمانى دەکات و دەڵێت دەتوانن ئەمجارە دەنگەکان بە قاچ بژمێرن.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێکى لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکان نووسیویەتى، وەک دەزانن دووبارەکردنەوەی عەد و فەرز لەسەر داوای چەندان پەپوولەی گۆشەی باخچەکەی خۆمان و باخچە پان و بەرینەکەی عێراق بوو کە بڕیار درا ژمارەیەک لە‌ سندووقە گومان لێکراوە داماوەکان بە دەست بژمێردرێنەوە.

ئاماژەى داوە ئەوەی کە جێی سەر سوڕمانە هەڵوێستی کۆمەڵێک لایەنە کە لە کۆبوونەوەدان و خوا پێم نەگرێت بەتەمان داوا بکەن کە ژماردنی دەنگە‌کان ئەمجارەیان بە ( قاچ) سێبارە بکرێتەوە.

‌ شاناز نووسیویەتى زۆر سەیرە هیچ کەس و لایەنێک نایەوێت ددان بەو واقیعە تاڵەی عێراق و هەرێمدا بنێت و نایەوێت تێبگات کە بابە وەڵا، بیلا.. خەڵک بێزارن لە زۆربەی سیاسییەکان و تاقەتیان لە بەڵێنی درۆ و دەموچاوە تیکرارییەکان چووە.. تێگەیشتوون کە پەرلەمان لای هەندێک وەک ( شاری یاری) و عەلوەی فرۆشتنی توور و تەڕەپیازە.

ئەو قسانەی خوشکی هێرۆ برایم ئەحمەد و یەکێک لە کەسانی باڵی بنەماڵەی یەکێتی لە کاتێکدایە پێشتر یەکێتی بە ساختەکاری گەورە تۆمەتبار کرا و چوار حزبەکە لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی دا "یەکێتیان بە هاککردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی هەڵبژاردن تۆمەتبار کرد".

ئەو وتانەى شاناز لە کاتێکدایە وەک باڵى دەستڕۆیشتووى یەکێتى ئێستە کۆنتڕۆڵى ناوخۆى یەکێتییان کردووە و هەر کەسێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەک نەگرێتەوە، ئەوا دوور دەخرێتەوە.


وشە - رامیار جەواد