پارێزگاری سەڵاحەدین داوای گەڕانەوەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان دەكات

:: PM:04:37:19/09/2018 ‌
پارێزگاری سەڵاحەدین بڕیاری داوە كە سەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لە خورماتوو كاریان كردووە، پێویستە بەر لە 15 ڕۆژی تر بگەڕێنەوە شوێنی دەوامكردنیان، ئەمەیش پاش ئەوە دێ لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر زۆرینەی ڕەهای خەڵكی خورماتوو بە مامۆستایانی خوێندنی كوردیش ناوچەكەیان جێهێشت و ئاوارە بوون.

مەلا حەسەن گەرمیانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پارێزگاری سەڵاحەدین بڕیارێكی دەركردووە، بۆ ئەوەی لە ماوەی 15 ڕۆژ سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە كە لەسەر میلاكی پەروەری سەڵاحەدینن بگەڕێنەوە و پێوەندی بە شوێنی دەوامكردنیان بكەنەوە. 

ئاماژەی دا، بڕیارەكەی پارێزگار یەكلاكەرەوە، چونكە هەر مامۆستا و فەرمانبەرێك نەگەڕێتەوە سزا دەدرێ، ئێستەیش ڕێژەیەكی زۆری فەرمانبەر و مامۆستایانی میلاكی پەروەردەی سەڵاحەدین لە هەرێمی كوردستانن و نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان. 

گەرمیانی گوتی، وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەسەڵاتی بە پارێزگاكان داوە، ڕاستەوخۆ مامەڵە بكەن و فەرمان بۆ گەڕانەوەی كارمەندان و مامۆستایان دەربكەن و لە ئەگەری نەهاتنەوەیشیان پارێزگاكان سەرپشكن لە سزادانیان، بەوشێوەیە مامۆستا كوردەكانیش كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر لە خورماتوو و ناوچەكانی تر ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، كە میلاكیان لەسەر حكوومەتی ناوەندییە، دەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی یەكێتی لەپێناوی دزینی نەوتی كەركووك و ناوچەكانی تر ئەنجام دا، كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد، بەوهۆیەوە نزیكەی 200 هەزار هاووڵاتیی ئەو ناوچانە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و تا ئێستەیش نەگەڕاونەتەوە، هۆكارەكەیشی بۆ تاوان و كوشتوبڕی حەشدی شەعبی لەلایەكەوە و دەركەوتنەوەی داعش لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە.

خورماتوو/ چیا كەركووكی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د