فڕەنسا ناردنی باڵوێزی بۆ ئێران هەڵپەسارد

:: AM:11:08:20/09/2018 ‌

بەرپرسانی حكوومەتی فڕەنسا ئاشكرایان كردووە كە جارێ فڕەنسا ناخوازێ هیچ كەسێك وەك باڵوێزی وڵات بنێرێتە تاران تا پرسی هێرشە تیرۆریستییەكەی پاریس یەكلا نەبێتەوە كە ئێران بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەكرێت.

لە حوزەیرانی ئەمساڵ دیپلۆماتكارێكی ئێرانی كە لە نەمسا كاری دەكرد لەگەڵ سێ كەسی تر گیران كە گومانی ئەوەیان لی كرا دەستیان هەبووبێت لەو بۆمبەی بۆ كۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە پاریس دانرابوو.

دوای ئەوەی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم كردەوە تیرۆرستییە تۆمەتبار كرا، فڕەنسا باڵوێزی خۆی لە ئێران كشاندەوە و لەو كاتەوە هیچ باڵوێزێكی تری رەوانەی تاران نەكردووە و دەیەوێ دڵنیا بێت لەوەی بۆمبەكە لە لایەن ئێران دانراوەتەوە یان نا.

بەگوێرەی "بی بی سی" ئێران تۆمەتەكەی رەت كردووەتەوە و گوتوویەتی، موجاهیدینی خەلقی ئێران خۆیان بۆمبەكەیان داناوەتەوە و بە دروستكردنی سناریۆ ئامانجیان ئەوەبووە ئێران تۆمەتبار بكەن.

بڕیارە لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە میانەی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا چاوی بە حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران بكەوێت.

جێی باسە ئێران پێشتر دەیان كردەوەی تیرۆریستی لە شارەكانی ئەوروپا ئەنجام داوە، بۆیە رێی تێدەچێت هێرشە تیرۆریستییەكەی پاریسیش هەر ئێرانی لە پشت بێت.



وشە - سلێمان تاشان