شێرپەنجەی دەم چییە و چۆن دەزانی كە تووشی بوویت؟

:: PM:01:57:20/09/2018 ‌
شێرپەنجەی ناو دەم دەبیتە هۆی دروستبوونی برینێكی زۆر و ئازارێكی توند بەتایبەتی لە سەر لێوەكان، زمان، ناوەوەی روومەت، مەڵاشووەكان، قورگ، تەنانەت جیوبیش، هاوشێوەی جۆرەكانی تری شێرپەنجە پێویستە بەزووی بیر لە چارەسەركردنی بكرێتەوە، ئەگەر دەتەوێت زیاتر بزانیت لەسەر ئەم جۆرەی شێرپەنجە پێویستە ئەم زانیاریانەی خوارەوە بخوێنیتەوە .

نیشانەكانی شێرپەنجەی دەم: زۆر ئاسانە چۆنیەتیی دیاریكردنی ئەم جۆرەی شێرپەنجە لە قۆناغەكانی سەرەتایی دا، چونكە چەندان نیشانە لە قۆناغی سەرەتایی دەردەكەوێت و چەند گۆڕانكارییەك لە لەش ڕوو دەدات، پێویستە لەكاتی دەركەوتنی ئەم نیشانانەدا سەردانی پزیشك بكرێت.

پزیشكی ددان باشترین ڕێیە بۆ دۆزینەوەی شێرپەنجەی ناو دەم،  چونكە هەموو گۆڕانكارییەكان هەست پێ دەكات كە دەبنە هۆی شێرپەنجەی دەم.


یەكەم: دروست بوونی برینی سپی یان سوور لە ناو دەمدا وەكو برین، گرێ‌، خاڵی زبر یان داخوران لەسەر بەشە نەرمەكانی دەم.

دووەم: خوێنبەربوونی بۆشایی دەم یان ئازار لە دەمدا و گواستنەوەی ئازارەكە بۆ ڕوومەت و مل.

سێیەم: قورسی لە قسەكردن، خواردن یان قوتدان.

چوارەم: گۆڕانی دەنگ و نووسانی و ئازاری قورگ بۆ ماوەیەكی درێژ.

پێنجەم: دابەزینی كێش بە شێویەكی ناتەندروست.

هۆكارەكانی دروستبوونی شێرپەنجەی دەم:
كۆمەڵەی پزیشكانی ئەمریكا ئەوەیان پشتڕاست كردووەتەوە كە زیاتر لە 40 هەزار كەس لە ویلایەتە یەكگرتوەكاندا لە ساڵی 2014 تووشی شێرپەنجەی دەم بوون. یان مەترسی دەركەوتنی ئەم جۆرە شێرپەنجەیان هەیە.

ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی دروستبوونی شێرپەنجەی ناو دەم:
پیاوان دوو هێندە زیاتر تووشی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە دەبێت لە چاو ژنان. ئەمەش بۆ ئەم چەند هۆكارە دەگەڕێتەوە:

1: جگەرەكێشان و بەكارهێنانی بەرهەمەكانی تووتن.

2:خواردنەوەی بڕێكی زۆر كحول.

3:خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر.

4:هەبوونی ڤایرۆسی پاپیلەومەی مرۆڤ یان HPV .

5: بۆماوەیی لە خێزاندا.

دەست نیشانكردن و چارەسەركردنی:
بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە پێویستە پزیشك ناوەوەی دەمی نەخۆشەكە بپشكنێت، ئەگەر هەر نیشانەیەكی نائاسایی هەبوو، پێویستە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت. پێویستە ئەو بەشەی تووشی شێرپەنجە بووە بە نەشتەرگەری لابرێت یان لە ڕێی چارەسەری كیمیایییەوە رێ لە گەشەی نەخۆشییەكە بگیرێت و خانە شێرپەنجەیییەكان لەناو ببرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی گواستنەوەی بۆ بەشەكانی تری دەم.



وشە - ئاوات ئازاد