13 پەرلەمانتاری خولی پێشوو بۆ پەرلەمان دەرچوونەوە

:: AM:09:07:21/10/2018 ‌
شەوی ڕابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوولی ڕاگەیاند و 13 پەرلەمانتاری خولی پێشوو بۆ ئەم خولە دەرچوونە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی تشرینی یەكەم، بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" بۆ ناوی كاندیدانی دەرچووی سەرجەم حزبەكانی كوردستان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، 13 پەرلەمانتار دەرچوونەتەوە بۆ خولی پێنجەم.

لە لیستەكە دەردەكەوێت پێنج لەو ئەندامانەی لە خولی چوارەم بۆ ئەو خولە دەرچوونە، ژن و هەشتیشیان پیاون سەر بە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانن.

سەعات 12ی شەوی 20 لەسەر 21ـی تشرینی یەكەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی‌ كوردستان، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاند.

بەپێی ئەنجامەكانی كۆتایی براوەكەی حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 45 كورسی و یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسی و نەوەی نوێ‌ هەشت كورسی و كۆمەڵ حەوت كورسی و یەكگرتوو پێنج كورسی و هاوپەیمانی یەك كورسی و حزبی شیوعی یەك كورسی.

ڕۆژی یەكشەم 30ـی ئەیلوول هەڵبژارنەكان خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا 700 كاندید لە 29 حزب و قەوارەی جیاواز كێبەركێیان كرد لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسیی پەرلەمان.



وشە - رامیار جەواد