ماوەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی كوردستان ڕاگەیەنرا

:: AM:10:45:21/10/2018 ‌
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن  و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان، تا سێ‌ ڕۆژی تر دەتوانن تانە لە ئەنجامەكان بدەن و سكاڵا تۆمار بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی تشرینی یەكەم، جووتیار عادل ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەتوانن تانە لە هەڵبژاردنەكان بدەن و سكاڵا تۆمار بكەن.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران گوتی، بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ لایەنە سیاسییەكان دەتوانن تانە بدەن لە ئەنجامەكان و لە ئەمڕۆوە كاتەكە دەستی پێ‌ كردووە.

شەوی ڕابردوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕاگەیەنرا و بەپێی ئەنجامەكانی كۆتایی براوەكەی حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 45 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، گۆڕان 12 كورسی، نەوەی نوێ‌ هەشت كورسی، كۆمەڵ حەوت كورسی، یەكگرتوو پێنج كورسی، هاوپەیمانی یەك كورسی و حزبی شیوعی یەك كورسی.

ڕۆژی یەكشەم 30ـی ئەیلوول هەڵبژارنەكان خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا 700 كاندید لە 29 حزب و قەوارەی جیاواز كێبەركێیان كرد لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسیی پەرلەمان.



وشە - رامیار جەواد