پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كشتوكاڵ و خۆراك دەكرێتەوە

:: AM:10:47:20/11/2018 ‌
بڕیارە سبەی لە شاری هەولێر، پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كەلوپەلی توركی تایبەت بە خۆراك و كەلوپەلی كشتوكاڵی بكرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەم 20ی تشرینی دووەم، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بەرواری 21ی تشرینی دووەم سەعات 11ی بەیانی یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی دەكرێتەوە.

ئاماژە دراوە، ئەو پێشانگایە تایبەتە لەبەرگرتن و كەلوپەلی كشتوكاڵی و خۆراك کە 100 کۆمپانیا بەشداری تێدا دەکەن.

پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر ساڵانە چەندان كۆمپانیای بیانی لە هەولێر كۆ دەكاتەوە، دواین پێشانگاش تایبەت بوو بە كەلوپەلی 40 كۆمپانیای میسڕ بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام بوو.

دوای تێپەڕاندنی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ئێستە كۆمپانیا بیانییەكان دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و هەوڵی ئاشناكردنی كەلوپەلەكانیان دەدەن لەڕێی پێشانگا نێودەوڵەتییەكان.

هەفتەنامەی "وشە" لە ڕێی ڕاپۆرتێكی ئاشكرای كردبوو، ڕۆژانە نزیكەی حەوت كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن یان تۆماری نوێكردنەوە دەكەن.



وشە - رامیار جەواد