شوفێرانی سلێمانی ئەو رێژە كەمەی دابەزینی نرخی بەنزین بە دەستكەوت نازانن

:: PM:07:46:20/11/2018 ‌

 شۆفێران تاكسی و هاووڵاتییانی سلێمانی ناڕازین لەو رێژە كەمەی كە لە نرخی بەنزین دابەزیووە و لە راگەیاندنەكان كراوەتە هەڵمەتێك و وەك دەسكەوت باسی لێوە دەكرێت، شارەزایەكیش دەڵێت، كاتێك گرنگە باس لە دابەزینی نرخی بەنزین بكرێت كە بۆ لیترێك لە سەرووی 100 دینارەوە دابەزێت.

وەرزێر نەوزاد، خاوەنی شۆفێری تاكسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو دابەزینەی نرخی بەنزین كە باسی لێوە دەكرێت گوایە دابەزیووە، نرخێكی زۆر كەمە، لە هەندێ بەنزینخانە ناگاتە 25 دینار بۆ یەك لیتر، ئەوەیش هیچ سوودێكی نابێت بۆ شۆفێران، بە تایبەت هاووڵاتییەك ئەگەر بیەوێت كاری تاكسی بە ئۆتۆمبێلەكەی بكات.

زیاتر گوتی، دابەزینی نرخ بەو شێوازە نابێت كە ئەوان باسی دەكەن، كاتێك گرنگە باسی دابەزینی نرخ بكەیت، كە نرخەكەی بگەڕێتەوە پێش گرانبوونی كە بۆ یەك لیتر 600 دینار بوو، نەك ئێستە لیترێك لە سەرووی 700 دینارە و دوای مانگێك بگوترێت دابەزیووە بە 20 دینار بۆ لیترێك.
 
ئیبراهیم محەمەد، هاووڵاتییەكی شاری سلێمانی كە ڕۆژانە بە ئۆتۆمبێلەكەی هاتوچۆی دەوام دەكات بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دابەزینی نرخی بەنزین ئێستە بەو نرخە كەمە، هیچ چارەسەری گرفتی گرانی نرخەكە ناكات، ئەگەر ئەو نرخە بە شێوازی گشتی سەیر بكرێت، ئەگەر بۆ هەر لیترێك 25 دینار دابەزیبێت، ئەوا بۆ 20 لیتر كەمتر لە 500 دینار دەكات.

روونی كردەوە، پێویستە بە رژدی هەوڵی دابەزینی نرخی بەنزین بدرێت و كاتێك بە تەواوی نرخەكەی دابەزی، ئەوكات لایەنی پێوەندیدار بڵێت، بەنزینمان بۆ نرخی پێش گرانبوونی دابەزاند.
 
مەهدی مەحموود، شارەزا لە بواری سووتەمەنی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتێك بەنزین لەو نرخەی ئێستە كە گران بووە، بۆ 650 دینار دابەزی، ئەوكات گرنگە باسی لێوە بكرێت و وەك دەستكەوت دابنرێت، نەوەك لە 750 دینارەوە بكرێت بە 740 دینار و بڵێی دابەزیووە.

زیاتر گوتی، لە ڕاستیدا دابەزینی نرخ بۆ 20 دینار هیچ كات سوودی بۆ شۆفێر نابێت تا بڵێی شۆفێر لە ڕابردوو پارەی كەمتر دەدات بە بەنزین. بۆیە دەبێت كاتێك هەڵمەتی راگەیاندن بۆ دابەزینی نرخی بەنزین بكەی كە نرخەكەی لە 100 دینار و زیاتر بۆ یەك لیتر دابەزیبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل