سەرۆك بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە

:: PM:01:51:21/11/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم  سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا ڕۆشنایی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و هەروەها ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان. ڕای گەیاند كە بایەخی بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوەدا بوو كە سەنگ و پێگەی پارتی لەناو كوردستان و عێراق پێشانی هەموو لایەك دا و سەرباری بوونی كێشە و گرفتی زۆر و ئابڵۆقە و ڕووداوەكانی مانگی ئۆكتۆبەری 2017، بەڵام پارتی توانی ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و ئەوە سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ پارتی و هۆكاری ئەو سەركەوتنەی بۆ هەڵوێستەكانی پارتی و وەفای گەلی كوردستان گەڕاندەوە بەرانبەر پارتی دیموكراتی كوردستان.

لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان، دەستی پارتی كراوە دەكات لەوەی كار بۆ كوردستانێكی بەهێز و گۆڕانكاریی بنەڕەتی بكات. سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە دووبارە متمانەی بە پارتی بەخشییەوە و بە پێویستیشی زانی كە پارتی و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە پارلەمانی كوردستان لە ئاست متمانەی خەڵك بن و وەڵامی وەفا و متمانەی خەڵك بە خزمەتكردنی گەلی كوردستان بدەنەوە.

داوایشی كرد كە داواكاریی خەڵك بە هەند وەربگیرێت و لە ئێش و ئازاری خەڵك بگەن و ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی خۆیان لە هەر جۆرە موزایەدەیەك بە دوور بگرن و لەوپەڕی تەوازوعەوە ئامانجی سەرەكییان كاركردن بێت بۆ چارەكردنی گرفتەكانی خەڵك.

لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە نیازپاكیی تەواو هەبێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لەمەڕ پابەندبوون بە هەرسێ پڕەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و تەوافوق لە یاسادانان و تەوازون لە داودەزگای حكوومی. لەبارەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو بارودۆخە و سەپاندنی ئەو واقیعە سەربازییەی ئێستە لەو ناوچانە هەیە، پێویستە كۆتایی بێت و بەردەوامبوونی قابیلی قبووڵ نییە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەبارەی چۆنیەتیی كاركردنی فڕاكسیۆنی پارتی و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی پارتی لەبارەی حكوومەتی ئایندە و پرۆسەی سیاسی، سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو.




وشە - سلێمان تاشان