دوا لێدوانی عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دۆخی كەركووكەوە

:: PM:09:40:18/12/2018 ‌

پارێزگای كەركووك یەكێكە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە پاراستنی ئاسایشی پارێزگای كەركووك ئەركی حكوومەتی فیدراڵە.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی حكوومەتی عێراق و خیانەتی باڵێكی ناو یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، پارێزگای كەركووك كەوتە دەستی هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە و لەو ساتەوە پرۆسەیەكی رێكی تەعریب كەركووكی گرتووەتەوە و پارێِزگارێكی عەرەبیشی بە وەكالەت بۆ دانراوە.

لەو كاتەی كورد هەڵبژاردنی عادل عەبدولمەهدی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە عێراق دەزانن، بەتایبەتی لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، ئەمڕۆ عەبدولمەهدی لە كۆنگرەی هەفتانەی لە دوای كۆبوونەوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رای گەیاند، حكوومەتی ناوەندی بەرپرسیارە لە پاراستنی كەركووك و ئاسایشی.

ئەو قسانەی عەبدولمەهدی هاوكاتن لەگەڵ ململانێی لایەنە كوردییەكان لەسەر دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك و راگەیاندنی رەوانەكردنی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بەهۆی پەرەسەندنی نەرێنی دۆخی تەناهی ناوچە كێشەلەسەرەكان، بەتایبەتی پارێزگای كەركووك و شاڵاوی دوایی تەعریب لەو ناوچانە بە فەرمانی پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل