پلانی نوێی ئەمەریكا ئەجێندای ئێران لە عێراق تێكدەدات

:: AM:10:56:07/01/2019 ‌
تا دێت مشتومڕ لە بارەی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا لە عێراق زیاتر دەبێت، سوپای ئەمەریكا پلانی فراوانكردنی رووبەڕی بڵاوبوونەوەی داڕشتووە و بۆ مانەوەشی سوپای عێراق دەكاتە سایەی یاسایی، ئەمەش ئەجێندای ئێرانی ئاڵۆز كردووە. لەسەر ئاستی سەرۆك ئەركانی هەردوو وڵات گفتوگۆ كراوە، ئەمەش هەڵوێستی میلیشیا چەكدارەكان و موقتەدا سەدر كۆ دەكاتەوە و هەردوولا لە پەرلەمانەوە دیانەوێ رێگری لە مانەوەی سوپای ئەمەریكا بكەن.

دەركەوتنی چەند سەربازێكی سوپای ئەمەریكی لە شەقامی موتەنەبی بەناوبانگ لە بەغدا هاوشانی هێزە عێراقییەكان، موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون تووڕە دەكات، هاوشانی میلیشیا چەكدارە شیعەكان داوای روونكردنەوە لە حكوومەت دەكەن و پێیان وایە ئەوە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراقە و ئاڵنگارییەكە دژ بە ویستی نیشتمانی، هاوكاتیش دەیانەوێ لە رێی دەركردنی یاسا لە پەرلەمان بڕیاری دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق بدەن.

هاوپەیمانی سائیروون، لە بارەی دەركەوتنەكەی سوپای ئەمەریكی لەگەڵ سوپای عێراقی لە شەقامی بەناوبانگی موتەنەبی لە ناوەڕاستی بەغدا، وێڕای رەتكردنەوەی، هۆشداری دەداتە سوپای ئەمەریكا لە وەها دەركەوتنەوەیەك و داوا لە حكوومەتیش دەكات لە ئاستی بەرپرسیاریەتی بێت.

شارەزایانی سیاسی پێیان ئەمەریكا پلانی مانەوەی لە عێراق گۆڕیوە و هەوڵ دەدات ناوچەی مانەوەشی فراوانتر بكات، ئەمەش پێچەوانەی ئەجێندای ئێرانییەكانە كە دەیەوێ لە رێی گرووپە چەكدارییەكانی حەشدی شەعبی، ئەوانەی لەژێر هەژموونی خۆیدا گوشار بخاتە سەر سوپای ئەمەریكا، هاوكات لە رێی ئەو حزبانەی لەژێر هەژموونی ئێراندان، لە پەرلەمانی عێراق یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق دەربكات.

شارەزایانی سیاسی هێما بۆ ئەوە دەكەن پلانی ستراتیجی نوێی ئەمەریكا بەلای ئێرانەوە زۆر مەترسیدارە و ئاسانیش نییە رووبەڕووی ببێتەوە، وەك سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی ئاگادار دەڵێ، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا پلانی مانەوەی لە عێراق دەستكاری كردووە، تەنانەت پلانی كشانەوەیشی لە سووریا دەستكاری كردووە، بە جۆرێك لە سووریا ناكشێتەوە تا پلانی مانەوەی لە عێراق كە فراوانتركردنی ناوچەی مانەوەیەتی لە رووی رووبەرەوە، جێبەجێ نەكات و شوێن بۆ ئەو هێزەش مسۆگەر نەكات كە لە سووریا دەیكشێنێتەوە.

ئەو سەرچاوە سیاسییە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، قسەی بۆ رۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی كردووە، دەڵێ ئەمەریكا پێویستییە سەربازییە قورسەكانی لە سووریا بە ئاراستەی بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە سنووری پارێزگای ئەنبار كشاندووەتەوە كە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكییە لە عێراق لە نزیك سنووری سووریا، جگە لەمەش لەگەڵ حكوومەتی عێراق قسەی كردووە كە بەشێك لەو هێزە رەوانەی بنكەی سەربازی لە پارێزگای سەڵاحەدین بكات، ئەمەش پلان و ئەجێندای ئێرانی ئاڵۆز و تێكداوە كە ئێران پێشتر گرەوی لەسەر سوود وەرگرتن لە كشانەوەی ئەمەریكا لە سووریا كردبوو، بەڵام ئێستە رووبەڕووی گەورەترین بڵاوبوونەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەبێتەوە.

ئەگەرچی بە فەرمی سوپای ئەمەریكا هیچ بنكەیەكی سەربازی لە عێراق نییە تا هێزە عێراقییەكان داوای دەركردنی بكەن، ئەمەش پلانە نوێیەكەی ئەمەریكایە كە ئیدارەی بنكە سەربازییەكانی لەگەڵ هێزی دۆست كە سوپای عێراقە، بەڕێوە دەبات، لێرەدا سوپای عێراق دەبێتە ئەو سایەیە كە سوپای ئەمەریكی دەپارێزێت لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەك، بەو مانایەی بوونی سوپای عێراق و ئیدارەدانی بنكە سەربازییەكان لەلایەن دەوڵەتی عێراق، دەبێتە رێگر لە بەردەم هەر هێزێك كە تەقەی لێ بكات، چونكە ئەمە دەبێتە تەقەكردن لە بنكەی سەربازی عێراقی، ئەم هەنگاوەش لای ئێرانییەكان بە زۆر مەترسیدار ناو دەبردێت كە قورسە رووبەڕووی ببێتەوە، بۆیە هیچ گرووپێكی چەكداری ژێر هەژموونی ئێران ناتوانن تەقە لەو بنكە سەربازییانە بكەن.
 
بەگوێرەی سەرچاوەكان، سوپای ئەمەریكا جگە لەوە لە بنكەی عەین ئەسەد كە دووەم گەورەترین بنكەی سەربازییە لە عێراق هەن، ئەوا حكوومەتی عێراق فەرمانی بە سوپای عێراق كردووە كە لە بنكە سەربازییەكانی مووسڵ و سەڵاحەدین چەند شوێنێك بۆ سوپای ئەمەریكا چۆڵ بكەن لە ژێر پەردەی راهێنانكردن بە سوپای عێراق. سەرچاوەكە دەڵێ ئەو بڕیارە تازە دەرچووە و بەمەش دەبێتە هۆی زیاتربوونی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

پلانە نوێیەكەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، دوای سەردانەكەی ترەمپ دێت بۆ بنكەی عەین ئەسەد كە تا ئێستە حزبەكان و میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران بە دوای زانیاری ئەوەدا دەگەڕێن كە ئامانجی سەردانەكە چی بووە، ئایا مەبەست لێی دووبارە دامەزراندنەوەی یەكەكانی سوپای عێراقە یان پلانە بۆ لێدان لەوان و ئێران لە ئەگەری هەر رووبەڕووبوونەوەیەك. 

شارەزایانی تەناهی پلانە نوێیەكەی ئەمەریكا بە كودەتایەكی جەوهەری لە هاوكێشەكان دەناسێنن، پێیان وایە عێراق چیتر یاریگای ئەمەریكا نییە، بەڵكو سەرە ڕمە لە هەر جەنگێكی داهاتووی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

ئەو گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە فەریق روكنی یەكەم عوسمان غانمی سوپا سالاری عێراق لەگەڵ جەنەڕاڵ مارك میلی سوپا سالاری ئەمەریكا دوێنێ یەكشەم شەشی كانوونی دووەم/ یەنایەر، لە بەغدا كۆ بوونەوە و باس لە هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات كرا لە بواری سەربازی.

غانمی دەڵێ پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا بەهێز و پتەوە و هەمیشە لە پێوەندیداین لەگەڵ سەركردە و راوێژكارە ئەمەریكییەكان لە عێراق.

هاوكات سوپای ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا لە بارەی كۆبوونەوەكە دەڵێ، ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی لۆجستی سوپای عێراق بۆ پێشخستنی تواناكانی هەموو یەكە سەربازییە جۆراوجۆرەكان.



وشە - فه‌رمان سادق