ئاراسى خەپە گیان دەگەڕێتەوە

:: PM:06:01:07/01/2019 ‌
گۆرانیبێژى ناودارى كورد "ئاراس کۆیی"، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوتووە، بە هەوادارانی ڕادەگەیەنێت کە بە کارێکی نوێوە دەگەڕێتەوە ناو بواری هونەری.

لە گرتە ڤیدیۆکەدا، كە له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى ئاوازدانەر ئاریۆس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوی کردووەتەوە، ئاراس دەڵێت، "من ئاراسی خەپە گیانم، دێمەوە ناو مەیدان بە شمشێر، بەمزووانە من و کاك ئاریۆس کاری نوێ پێشکەش دەکەین."

ئاریۆسیش ده‌ڵێت: "کارەکەیان بەرهەمێکی تایبەت دەبێت و بیرۆکەیەکی نوێیە و بە دڵی هەمووان دەبێت".

ئاراس فاتیح ڕەسوڵ ناسراو بە ئاراس کۆیی، یەکێكە لە هونەرمەندەکانی کوردستان کە ماوەی چەند ساڵێکە لە کاری هونەری دوورکەوتووەتەوە، لە ڕابردوودا چەند بەرهەمێکی هونەری بڵاو کردووەتەوە و بە "خەپە گیان" ناوبانگی دەرکردووە، کە یەکێكبوو لە گۆرانییەکانی و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیكدا نوێترین بەرهەمی هونەری بڵاو بکاتەوە.



وشە - محەمەد میران