گرووپی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر سلێمانی لە پایتەختی ڕۆشنبیرییەوە دەكەنە سەربازگە

:: PM:06:24:09/01/2019 ‌
بەهۆی جیاوازی بیروڕا و ئازادی، سلێمانی ناوی پایتەختی رۆشنبیری لێنرا، بەڵام قەدەغەكردنی نمایش كردنی فیلمێكی سینەمایی پرسیار لەسەر شارەكە جێدەهێڵێ و رەخنەی زۆر لە دەستوەردانەكانی ئاسایشی ئەو شارە لە چالاكییە رۆشنبیری و سیاسییەكانی دەگیرێت. ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارەكەش دەڵێ، ئەوەی روودەدات لە ژێر گوشاری توركیایە.

ئەگەرچی ئەمڕۆ چوارشەم نۆی كانوونی دووەم/ یەنایەر، ئاسایشی یەكێتی لە سلێمانی مۆڵەتی كردنەوەی سینەما سالم-ی دا، چاوەڕوانیش دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا فیلمێكی سینەمایی نمایش بكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ سێشەم هەشتی كانوونی دووەم/ یەنایەر، ئاسایشی سلێمانی سینەما سالم-ی داخست و نەیهێشت فیلمەكە نمایش بكرێ‌.

رێگرتن لە نمایشكردنی فیلمی سینەمایی لە كاتێكدایە پێشتر ئاسایشی یەكێتی بە بڕیاری گرووپی خیانەتكارانی ناو یەكێتی بە پاساوی نەبوونی مۆڵەتی حزبی بارەگاكانی تەڤگەڕی ئازادیان لە لە سنووری سلێمانی داخست كە رێكخراوێكی سەر بە پەكەكەیە.

داخستنی سینەما سالم دەنگدانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەیش وایكرد شەش كەناڵی میدیایی لە كوردستان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا لەسەر دۆخی سلێمانی، بڵێن خەریكە سلێمانی لە پایتەختی رۆشنبیری دەگۆڕێت بۆ شاری سەركوت كردن.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەكەیاندا ئەو شەش دەزگا ڕاگەیاندنە باس لەوە دەكەن، "ئەم دەستدرێژییانە پاشخانە سیاسییەكەی هەرچی بێت ‌و بچێتە بواری چ سازشكردنێك لەگەڵ وڵاتانی هەرێم، دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادی‌ و ئازادی بیروڕا لە پارێزگای سلێمانی ‌و سەرانسەری هەرێمی كوردستان ‌و دژی هەموو ئەو یاسا بەركارانەیە كە لە بواری كاری میدیایی ‌و ڕۆشنبیریدا لە پەرلەمانی كوردستان دەركراون."

دوای ئەو گوشارانە وایكرد ئەمڕۆ دەرگای سینەماكە بە ڕووی هاوڵاتییاندا بكرێتەوە، بەڕێوەبەرانی سینەماكەیش دەڵێ، ئەو فیلمەی بڕیاربوو پێشان بدرێ‌ كاتەكەی دواخراوە.

ستافی سینەما سالم لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ڕایانگەیاندوە "وەك چۆن لە ڕابردوودا بێ سڵەمینەوە بەرگرییمان لە دەنگی ئازاد كردووە و هەمیشە كارمان بۆ سەربەستیی فەزای گشتی بووە، وەك چۆن لە یەكەمین كتێبەوە كە ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی كردووەتەوە بۆ دوایەمین فیلم كە سینەما سالم نمایشی كردووە، كاركردن بووە بۆ بونیادنانی دنیایەكی ئازاد و سەربەست و دوور لە هەر سانسۆرێك، دوێنێ و ئەمڕۆیش بە هەمان نەفەس و بوێرییەوە دووپاتمان لەسەر پرەنسیپە باڵاكانمان كردووەتەوە و بێگومان، دەیكەین و دەیكەینەوە".

هاوسەر هۆشیار جێگری سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و هونەر و وەرزش و لاوان، لە لێدوانێك بۆ "وشە" دەڵێ، ئەوەی روودەدات پرسێكی سیاسییە و پێوەندی نییە تەنیا بە رێگرتن لە نمایش كردنی فیلمێك، بەڵكو دیوەكەی تری ئەو گەمارۆیەی توركیایە بەسەر پارێزگای سلێمانی، یەكێتی بۆ قەرەبوو كردنەوەی دەیەوێت دۆخەكە رابگرێت، بۆ ئەمەیش تەواوی چالاكییەكانی تەڤگەری ئازادی و لایەنە سیاسییەكانی تری قەدەغە كردووە.

زیاتر گوتی "عەیبەیە دەسەڵاتی سیاسی لە سلێمانی رێگری لە نمایش كردنی فیلمێك بكات، ئەمە چ مانایەك بۆ پایتەختی رۆشنبیری ناهێڵێتەوە، ئەگەر یەكێتی زیاتر بچێتە ژێر باری گوشارەكانی توركیا، ئەوا توركیاش گوشارەكانی زیاتر دەكات و داواكارییەكانیشی زیاتر دەبن".

ڕوونیشی كردەوە كە ئەگەر یەكێتی بچێتە ژێر باری گوشارەكانی توركیا، لە داهاتوودا داواكارییەكانی زیاتر دەبن، بۆیە مەترسی لەسەر جیاوازی بیروڕا و ئازادی لە سلێمانی دروست دەكات، دەبێت ئەم پرسە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و ناكرێت كێشە سیاسییەكان تێكەڵ بە نمایش كردنی فیلمێك بكرێت، یان گرتنی گەنجان لەسەر كتێب.

لای خۆیەوە بەرزان حامد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێ، ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێ دۆخێكی تایبەتە و پێویستە رێ لە خەڵك نەگیرێ گوزارشت لە بیر و بۆچوونی خۆی و ئازادی بە خەڵك بدرێت، بەڵام بە جۆرێك نا كە زیان بە پێگەی تایبەتی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت و دەبێت دۆخی كوردستان لە پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر لەبەرچاو بگیردرێت.

بەرزان ئاماژەی بە دۆخی سلێمانی دا، هێمای بۆ ئەوە كرد سلێمانی لە دۆخێكی تایبەت دایە و دەبێت ئەو گرووپ و لایەنانەی لە سلێمانی كار دەكەن، ئاگاداری پێگەی هەرێمی كوردستان بێت.

ئەو گوتی "ئەو لایەنە سیاسیانەی مۆڵەتی كار كردنیان هەیە دەبێت رەچاوی دۆخی كوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەت بكەن هەروەك داوا دەكەین چالاكی سیاسی بەگوێرەی یاسا رێگەیان پێ بدرێت و رێگری لە هیچ جموجۆڵێكی سیاسی لە چوارچێوەی یاسا نەكرێت".

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە گرووپی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر بەهەموو جۆرێك هەوڵدەدەن دۆخی كوردستان بشێوێنن ئەوەیش دوای ئەوەی كە لە هەوڵەكانیان لە كەركووك شكستیان هێنا و لەناو حزبەكەیشیان لە ناوەندی بڕیاردان پەراوێز خراون.



وشە - فه‌رمان سادق