وەزاری دارایی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای دەركرد

:: PM:04:55:16/01/2019 ‌
وەزاری دارایی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدای دەركرد، ئەوەیش دوای ئەوەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی لیژنەی ئابووری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرێوەچوو.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی كانوونی دووەم، بەپێی ڕاگەیاندراوێكی د. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی لیژنەی كاروباری ئابووری بەئامادەبوونی وەزیرانی (پلاندانان، بازرگانی، پیشەسازی و كشتوكاڵ) و پارێزگاری بانكی ناوەندی و نوێنەری وەزیری نەوت و عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەكان، كرد. وەك لە راگەیەنراوێكی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری دارایی روونكراوەتەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لیژنەكە بڕیاری دا باج و ڕسووماتی گومرگی لە هەموو دەروازە سنوورییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، یەك بخرێت، هەروەها لیژنەكە خاڵە چاودێری و وردبینییە گومرگییەكانی ئێستەی لە (فایدە، شێراوە لە باكووری كەركووك، لەیلان لە خۆرهەڵاتی كەركووك)ی هەڵوەشاندەوە كە ئەوەیش بازرگانی نێوخۆیی چالاك دەكات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر چەندان جار كۆبوونەوە كراوە بە مەبەستی هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كە پێشتر بە بڕیاری حكوومەتی عێراق دانرابوون.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم