پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ ئه‌وه بزانین ڕاسته هه‌موومان نووسه‌ر نین، به‌ڵام هه‌مووشمان هه‌ر نووسه‌رین. ته‌نیا بژارده‌یه‌كی نێو كۆمه‌ڵگه پیشه‌كه‌یان نووسینه و وه‌ك نووسه‌ر ناسراون و هه‌میشه چاوه‌ڕێی نووسین و بابه‌تی نوێیان لێ ده‌كرێ، به‌ڵام له به‌رانبه‌ریشدا ئه‌وانه‌ش كه نووسه‌ر نین، ڕۆژانه به نامه‌یه‌كی مۆبایل بێ، یان پۆستێكی فه‌یسبووك، یان هه‌ر شتێكی تر، ماده‌م توانای خوێندنه‌وه‌یان هه‌یه، توانای نووسینیشیان هه‌یه.
لێره‌دا كۆمه‌ڵێ خاڵ باس ده‌كه‌ین كه
فیێڵدز میلبۆرن نووسه‌ری سینه‌مایی خستوونییه‌ته ڕوو، بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تایانه له بواری نووسین و ده‌یانه‌وێ خۆیان تێدا بدۆزنه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ئه‌زموونیان له بواره‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌وانیش ڕه‌نگه ڕێچكه‌ی تایبه‌تیی خۆیان گرتبێ، بۆیه هه‌موو ئه‌زموونێك ده‌كرێ كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگیرێ و مه‌رج نییه هه‌موو نووسه‌ره‌كان به هه‌مان ڕێدا ڕۆیشتبن.
یه‌كه‌م: نامه‌ش وه‌ك په‌خشانێكی ئه‌ده‌بيی بنووسه
نامه‌یه‌كی ئاسایی بۆ بابه‌تێكی ڕۆژانه ده‌نووسی، بۆ نموونه داوا له خوشكت ده‌كه‌یت، ئه‌و جلانه‌ت كه له‌ناو جلشۆره‌كه‌یه، بۆت ده‌ربهێنێ، به‌یانیی كه چووی بۆ ده‌وام، بیرت چووه و ده‌ته‌وێ ئه‌و له‌جیاتی تۆ بیكات به ته‌نافه‌وه. ئه‌م دێڕ و نیوه، هه‌رچۆنێك بینووسی، په‌یامه‌كه‌ت ده‌گات. به‌ڵام وه‌ك چۆن شۆفێرێك دوای ئه‌وه‌ی فێری بنه‌ماكانی شۆفێریی ده‌بێ، ئیدی پۆلیسی هاتوچۆ هه‌بێ یان نا، پابه‌ند ده‌بێ به هه‌موو هێما و یاساكانی لێخوڕینه‌وه، تۆیش ده‌بێ ئاوا له‌و نامه ساده‌یه‌شدا پابه‌ندی خاڵبه‌ندی و ڕوونیی نووسین و بنه‌ماكانی ڕێزمان بیت.
دووه‌م: وشه‌كانیش كه‌ره‌سه‌ته‌ن
له كاتی نووسیندا، بۆ نموونه له‌سه‌ر بابه‌تێكی ڕۆژه‌ڤ ده‌ته‌وێ بۆچوونی خۆت ده‌رببڕی، پێویسته كه‌شكۆڵێكی گه‌وره‌ت له وشه پێ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زۆر وشه دووباره نه‌كه‌یته‌وه و هیچ وشه‌یه‌ك به‌كار نه‌هێنی كه ڕێك ئه‌و مانایه نادات. ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندییه له وشه‌كاری، مانای ئه‌وه‌ش ناگه‌یه‌نێ پڕی بكه‌ی له وشه‌ی گران كه خه‌ڵك تێی ناگات. جوانترین نووسینه‌كان ئه‌وانه‌ن به وشه ڕازێنراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ساكار ده‌رده‌كه‌ون و خوێنه‌ر ماندوو ناكه‌ن. بۆ نموونه: ئه‌م به‌یانییه بارانێكی نه‌رم و هێواش باری. ئه‌مه دیاره کەمئه‌زموونی له نووسیندا. كه‌سێكی زه‌نگین له زمان ده‌ڵێ: ئه‌م به‌یانییه له‌گه‌ڵ نمه‌ی باران هاتم. كاتێك تۆ جیاوازی له نێوان بارانی نمه، خوڕ و لێزمه ده‌كه‌یت، نووسینه‌كه‌ت ده‌ڕازێنیته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی زۆر ده‌نووسن، ناچارن ئاوا بایه‌خ فێربوونی وشه‌كان بده‌ن وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كیی نووسین.
سێیه‌م: بیكه به پیشه‌ی ڕۆژانه‌ت
ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو توانای نووسینت پێش بخه‌ی، پێویسته هه‌موو ڕۆژێك بنووسیت و بیكه‌یته پیشه‌ی به‌رده‌وامی خۆت، وه‌ك چۆن ژه‌مه‌كانی خواردنت له‌بیره. نموونه‌یه‌كی ساده، ئه‌گه‌ر چووبیت بۆ هۆڵی له‌شجوانی، ڕه‌نگه ئه‌و كه‌سه‌ی ڕێنوێنییه‌كانت پێ ده‌ڵێ و سه‌رپه‌رشتیت ده‌كات، ماسولكه‌كانی زۆر ئاسایی بن و پاش شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك، ماسولكه‌ی تۆ له‌وانه‌ی ئه‌و زیاتر هه‌ڵكفابن. بۆچی؟ چونكه ئه‌و هه‌رگیز ئه‌و مه‌شقانه‌ی نه‌كردووه كه ده‌یزانێ و تۆ ده‌یكه‌ی. ڕێك نووسینیش ئاوایه، هه‌رچه‌ند شاره‌زای ڕێزمان و خاڵبه‌ندی بیت، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام نه‌نووسی، توانای نووسینت گه‌شه ناكات. بۆیه هه‌میشه ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونیان له نووسیندا ساڵانێك له خۆمان زیاتره، ده‌بێ ڕێزیان بگرین و هه‌وڵ بده‌ین لێیانه‌وه فێر بین.
چواره‌م: خاڵبه‌ندی
نووسه‌رێكی بێ حه‌وسه‌ڵه و نووسه‌رێكی خاوه‌ن سه‌لیقه‌ی جوان، به ئاسانی ده‌توانی له ڕێی خاڵبه‌ندیدا بناسیته‌وه. نووسه‌ری ڕژد، هێنده ڕێزی ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی ده‌ینووسی ده‌گرێ، نایه‌ڵێ هه‌رگیز تۆ له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا بێزار بیت. كه‌ی ڕسته‌كه درێژ بووه‌وه، فرمان و خاڵی كۆتایی ڕسته داده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ت نه‌خنكێنێ، ئینجا ده‌ست ده‌كات به ته‌واوكردنی بۆچوونه‌كه‌ی. به‌پێی پێویستیی ئه‌و بابه‌ته‌ی ده‌ینووسی، ده‌بێ پڕی بكه‌یت له خاڵ، جووتخاڵ، بۆر، خاڵبۆر، نیشانه‌ی پرس، نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان، جووت كه‌وانه‌ی بچووك، جووت كه‌وانه‌ی گه‌وره، ته‌قه‌ڵ، دوو خاڵی ته‌نیشت یه‌ك، سێ خاڵی ته‌نیشت یه‌ك، هێڵی لار.. هتد.
پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسین بكه‌ی، ئایا ده‌زانی هه‌ریه‌ك له‌مانه له كوێ و چۆن به‌كار دێن؟
پێنجه‌م: واز له پێشه‌كیی بێنه
گرفتێك كه زۆربه‌ی نووسه‌ره تازه‌كانی تێ ده‌كه‌وێ، نووسینی پێشه‌كی و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی زۆره، پێش ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ت بگه‌یه‌نی. یان باسكردنی خۆت و چۆنیه‌تیی هاتنی ئه‌م بابه‌ته.. هه‌موو ئه‌مانه له شێوازی نووسینی نوێ و به سه‌لیقه، زیاده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی خۆت له‌مه ده‌رباز بكه‌ی، هه‌موو جار دوای ئه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌ت ته‌واو كرد، ئه‌و دێڕانه‌ی له سه‌ره‌تادا نووسیوتن كه ده‌ستپێشخه‌ریی چوونه ناو بابه‌ته‌كه‌یه، بیسڕه‌وه، بزانه كڕۆكی بابه‌ته‌كه تێك ده‌دات؟ ئه‌گه‌ر تێكی نه‌دا، ئه‌وا با هه‌ر وا بێت باشتره. ئێسته سه‌رده‌می نووسینی ڕاسته‌وخۆیه، یه‌كسه‌ر بچۆرە ناو بابه‌ته‌كه‌ته‌وه.
شه‌شه‌م: كاتی خوێنه‌ر به‌فیڕۆ مه‌ده
كات و هۆشداریمان، زرنگترین شته‌كانی ژیانمانن، ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی خۆویستییه، تۆی نووسه‌ر وا له خوێنه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت، 15 خوله‌ك به‌دیار نووسینێكی تۆوه دابنیشێ، له كاتێكدا ده‌كرا به چه‌ند دێڕێك و كه‌متر له خوله‌كێك ڕزگاری بكه‌یت. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ متمانه‌ی خوێنه‌ر به‌ده‌ست بهێنیت و هه‌میشه ئه‌وداڵی بابه‌ته‌كانت بن، به درێژدادڕی پێی ناگه‌ی، به پوختكردنه‌وه ده‌یگه‌یتێ.
حه‌وته‌م: چاره‌كێكی كاته‌كه بۆ نووسین دانێ، ئه‌وی تر بۆ چی؟
گریمان بابه‌تێكت نووسیوه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕۆژنامه‌یه‌ك بڵاوی بكه‌یته‌وه و یه‌ك سه‌عاتی ویستووه تا ته‌واو بێت، پێویسته بزانی، ئه‌مه ته‌نیا چاره‌كێكی كاته‌كه‌ته. سێ سه‌عاتی تر دابنێ بۆ هه‌ڵه‌چن و به‌سه‌رداچوونه‌وه و گۆڕین و پاكتاوییی نووسینه‌كه‌ت. واته هه‌ر شتێكت كه نووسی، سێ هێنده‌ی كاتی نووسینه‌كه بده به چاككردنه‌وه‌ی. نووسه‌ری ڕژد، هه‌رچییه‌كی نووسی یه‌كسه‌ر ناینێرێ بۆ بڵاوكردنه‌وه.
هه‌شته‌م: ناچاركردن
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ناچار بكه‌یت دوای هه‌موو دێڕێك، دێڕی دواتر بخوێنێته‌وه، دوای هه‌موو په‌ره‌گرافێك، بچێته سه‌ر ئه‌وی تر، پێویسته بزانی چۆن له دێڕه‌كانی ئه‌م ڕسته‌یه، شتێكی بۆ ده‌هێڵیته‌وه تا بچێته سه‌ر ڕسته‌ی داهاتوو. ئه‌م دروستكردنی ئه‌ڵقه‌یه له نێوان ڕسته‌كاندا، كارامه‌یی ده‌وێ. له خاڵی پێشتر باسمان كرد، له‌و كاته‌ی گوتمان ده‌بێ بۆ پێداچوونه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌تدا ته‌رخانی بكه‌ی، ده‌بێ ئه‌مه‌ش له‌به‌رچاو بگری. هه‌رچه‌ند بابه‌ته‌كه‌ت گرنگ بێت، ئه‌گه‌ر نه‌زانی خوێنه‌ر تامه‌زرۆ بكه‌یت، به خوێنه‌رێكی بلیمه‌ت هه‌ژمار ناكرێی. بزانه هۆی چییه، جاری وایه ڕۆمانێكی هه‌زار لاپه‌ڕه‌یی به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه به چه‌ند ڕۆژێك ته‌واو ده‌كه‌ی، كه‌چی نامیلكه‌یه‌كی 40 لاپه‌ڕه‌ییت پێ ته‌واو ناكرێ؟
نۆیه‌م: زێده‌ڕۆیی له چاكتردانان و خراپتردانان
نووسه‌ری سه‌ره‌تا، بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌یان به چێژ بكه‌ن، پڕی ده‌كه‌ن له ده‌سته‌واژه‌كانی: زۆر جوان، زۆر ناشیرین، زۆر هێواش، زۆر چاك، زۆر خاوێن، له كاتێكدا ئه‌م باشتر و خراپتركردنه پێویست نییه و له نێوانی دێڕه‌كانتدا، ده‌بێ خوێنه‌ر بزانێ مه‌به‌سته‌كه‌ت چییه و به ته‌واوی گه‌یاندبێتت. بۆ نموونه ده‌نووسی: له‌و ڕۆژه‌دا، ئاسمانێكی ئێجگار شین بوو. ئه‌گه‌ر به ئه‌زموون بیت، ده‌نووسی ئاسمان ساماڵ بوو، ئیتر مه‌به‌سته‌كه ده‌گات و پێویستیش ناكات زێده‌ڕۆیی بكه‌ی، ئاخر ئاسمان ئێجگار شین نییه، شینێكی كاڵه.
ده‌یه‌م: شوێن ڕێنوێنییه‌كان بكه‌وه و دواتر لا بده
بۆ ئه‌وه‌ی فێری نووسین بیت، ده‌بێ هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی بۆ ڕسته‌سازی، بنه‌ماكانی نووسینی وتار، ڕاپۆرت، شیكاری، توێژینه‌وه، ڕۆمان، په‌خشان و هه‌موو جۆره‌كانی تر فێر بیت و وه‌ك خۆی جێبه‌جێیان بكه‌یت، تا ئه‌و كاته‌ی به ته‌واوی ده‌ستت له‌سه‌ر نووسین ڕادێت و ئیتر ده‌توانی به‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێكدا زاڵ بیت كه ده‌ینووسی. له‌م كاته‌دا ئیتر پێویست ناكات خاڵ به خاڵ و به وردی شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و بنه‌مایانه بیت، ئیتر كاتی هاتووه ڕێچكه‌ی خۆت بدۆزیته‌وه، ئاخر تا سه‌ر شوێن یاساكانی پێش خۆت بكه‌ویت، چۆن ده‌یسه‌لمێنی تۆ نووسه‌رێكی جیاوازی و له هیچ نووسه‌رێكی تر ناچیت؟
یازده: له‌باره‌ی نووسین هێشتا بخوێنه‌ره‌وه
تا ئێسته چه‌ند بابه‌تت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی شێوازی نووسین خوێندووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌م 10 خاڵه‌ی پێشتریش باسمان كرد، هێشتا به كۆتایی مه‌زانه ده‌بێ هێشتا بخوێنیته‌وه. هه‌میشه به‌شوێن ئه‌زموونی نووسه‌رانی گه‌وره‌دا بگه‌ڕێ، با هه‌مووشیان هه‌ر هاوزمانی خۆت نه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی نووسه‌رانی گه‌وره‌ی میله‌تانی تریش لای خۆت كه‌ڵه‌كه بكه‌یت.