لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ڕووداوەكەی مووسڵ لە كوردستان هۆشداری دەدرێت

:: AM:09:22:23/03/2019 ‌
دوای ڕوووداوەكەی شاری مووسڵ لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدرێت بە بەلەمەكان كە پابەندی ڕێنوێنییەكان بن تا كارەساتەكەی مووسڵ دووبارە نەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئادار، ڕائید سوارە محەمەد ئەفسەری پۆلیس و ژینگەپارێز بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، هەر یەختێك نابێت لە شەش هاووڵاتی زیاتر هەڵبگرێت.

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس گوتی، هەروەها تیمەكانمان بەردەوام لە چاودێریدان بە تایبەتی لە وەرزی بەهاراندا كە گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە شوێنەكانی ئاودا دەكەن و سواری یەختەكان دەبن، پێویستە سەرجەم سەرنشینەكان پاڵتۆی سەرئاوكەوتنیان پێ بدرێت.

ئاشكرای كرد، لە ڕابردوو چەندان خاوەن یەخت سزا دراون ئەگەر توندكردنی ڕێنوێنییەكان و جێبەجێكردنیان نەبێت لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، ئەوا بێگومان ئەو ڕووداوەی مووسڵ ڕووی داوە لە هەرێمی كوردستانیش دووبارە دەبێتەوە.

لە یەكەمین ڕۆژی نەورۆز لە شاری مووسڵ بەلەمێك بە زیاتر لە 200 سەرنشین نقوم بوو كە توانای هەڵگرتنی خۆی 50 كەس بوو، ئەوەیش وایكرد زیاتر لە 120 كەس بخنكێن و چەندان بەرپرسیش بەو هۆیەوە تا ئێستە گیراون و لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد