گەورەترین تاوەری دنیا بە وێنەی سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند رازێنرایەوە

:: PM:01:50:23/03/2019 ‌

بۆ رێزلێنان لە هەوڵە ئاشتیخوازانەكەی جەسیدنا  ئاردێرن سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند، وێنەكەی لەسەر بەرزترین تاوەری دنیا لە دوبەی بڵاو كرایەوە.

وێنەی سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند لە كاتێكدا یەكێك لە كەسوكاری قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەكەی هەینی رابردووی لە باوەش كردووە و وشەی ئاشتی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە سەرووی وێنەكە دانراوە،  بڵاو كراوەتەوە.

لە هێرشە تیرۆریستییەكەی 15ی ئادار لە دوو مزگەوتی نیوزلاند 50 مسوڵمان كوژران و دەیانی تریش بریندار بوون.

سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند بە سەرپۆشی لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی قوربانیان ئامادەبوو. ئەو دوێنێ لە پەیامێكدا داوای لە خەڵكی وڵاتەكەی كردبوو بە مەبەستی هاوخەمی دەربڕین بەرانبەر بە مسوڵمانانی وڵاتەكەی ئەو رۆژە بە سەرپۆشی دەربكەون.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" هاوكات لە هەڵوێستێكی بێ وێنەدا دەنگی بانگ لە تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵات بڵاو كرایەوە و بۆ رێزلێنان لە قوربانیانیش دوو خولەك بەبێ دەنگی وەستان.

ئەوەی سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند كردی هەنگاوێكی ئاشتیخوازانە بوو لەپێناو ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەلماندی تیرۆر قێزەونترین كردەوەیە كە دەبێ شەرمەزار بكرێت.

نیوزلاند وڵاتێكە لە كۆمەڵێك دوورگە پێكهاتووە و كەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و دوو هەزار كیلۆمەتر لە ئوسترالیا دوورە. ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە چوار ملیۆن و 360 هەزار كەسە و كەمێك لە خوارووی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە. زۆربەی دانیشتووانی وڵاتەكە مەسیحین. ژمارەی مسوڵمانان لەم وڵاتە كەمترە 2%ی كۆی دانیشتووانی. 



وشە - سلێمان تاشان