دوا زانیاری لەسەر شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی

:: PM:06:38:23/03/2019 ‌

دوای شكستی داعش لە باغووز لە سووریا كە دوا پێكەی ژێر دەستی رێكخراوەكە بوو لە سووریا، سەرۆكی ئەنجوومەنی رزگاركردنی ئەنبار دوا زانیاری لەبارەی شوێنی خۆحەشاردانی ئەبو بەكر بەغدادی ئاشكرا دەكات.

حەمید هایس، ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، بەر لە رزگاركردنی پارێزگای نەینەوا لەلایەن هێزە تەناهییەكانی عێراقەوە، بەغدادی خاكی عێراقی جێهێشتووە و دوای ئەوە بەهیچ شێوەیەك نەگەڕاوەتەوە عێراق. 

دووپاتی كردەوە، ئێستە بەغدادی لەناو خاكی سووریایە لە ناوچەكانی نزیك لە باغووز لە سەر سنوورەكانی عێراق و زیاتر گوتی، ئەو ریشی تراشیوە و رووخساری خۆی گۆڕیوە بۆ شاردنەوەی ناسنامەكەی و نەگرتنی لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە، جیا لەوەی جموجۆڵەكانی بووەتە نهێنی و هاوەڵەكانی تەنیا چەند كەسێكی نزیكین بە تەنیا.

هایس دووپاتی كردەوە كە بەغدادی دوا ساتەكانی ژیانی لە سووریا بەسەر دەبات كە سەرچاوە هەواڵگرییەكان شوێنی ئەویان دیاری كردووە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو لە سووریا بێتە گرتن.

ئەو قسانەی هایس هاوكاتە لەگەڵ قسەی حەسەن ئەبو هەنییە شارەزای تەناهی ئوردنی لە كاروباری گرووپە تیرۆریستییەكان لەبارەی خۆحەشاردانی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش و سەركردەكانی ریزی یەكەمی رێكخراوەكە لە پارێزگای ئەنباری عێراقی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل