سعوودیە دوو مانگی تر بۆشایی ئێران لە بازاری نەوت پڕ دەكاتەوە

:: AM:10:01:09/05/2019 ‌

سعوودیە ئامادەیی دەردەبڕێت لە دوای دوو مانگی تر نەوت بۆ كڕیارەكانی پێشووی ئێران دابین بكات. ئەو كڕیارانەی چیتر ناتوانن نەوتی ئێران بكڕن، ناچارن بیر لە فرۆشیارێكی نوێی نەوت بكەنەوە.

بە پێی ئەو پشكەی لە رێكخراوی ئۆپێك بۆ سعوودیە دیاری كراوە، ئەو وڵاتە دەبێت لە خوارووی 10 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، بەڵام دوای ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ رووسیا بۆ پاراستنی نرخی نەوت ئەنجامی داوە، نۆ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت كە بەشێك لەو نەوتە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆیە و ئەوەی تری هەناردە دەكرێت.

ئێستە سعوودیە كەمتر لە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و لە بەرنامەیدایە تا كۆتایی مانگی حوزەیران هەر لەو ئاستەدا بیهێڵێتەوە. بەڵام لە مانگی تەمووزەوە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە زیاتر هەناردە بكات و پێداویستی كڕیارەكانی ئێران پڕ بكاتەوە.

بەگوێرەی "بی بی سی" ئەمەریكا رەتی كردووەتەوە چیتر رێ بە وڵاتان بدات نەوت لە ئێران بكڕن و ئێران كە لەمدواییەدا نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی دەناردە دەرەوە، ئەمجارە دەبێت وڵاتی تر ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە، ئەگەرنا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

بڕیارە مانگی داهاتوو ئۆپێك و چەند وڵاتێكی تری دەرەوەی ئەم رێكخراوە كۆ ببنەوە و لەبارەی دوایین سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت گفتوگۆ بكەن.



وشە - سلێمان تاشان