فێڵێكی ئێران بۆ گواستنەوەی نەوت ئاشكرا دەبێت

:: PM:01:14:11/05/2019 ‌

ئێران بۆ گواستنەوەی نەوت فێڵێكی نوێی بەكار هێناوە و ئەم فێڵەش لە لایەن ژمارەیەك كۆمپانیای تایبەتی كە لە رێی مانگی دەستكرد چاودێری كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت دەكەن، ئاشكرا بووە.

دامەزراوەكانی بواری گواستنەوەی نەوت ئاشكرایان كرد ئێران سەرەتای ئەم مانگە و بەر لە سزا نوێیەكەی ئەمەریكا بۆ رێنەدان بە كڕینی نەوتی ئێران، كەشتییەكی نەوتی بۆ سووریا گواستووەتەوە. ئەمە بە یەكەم كەشتیی نەوتی ئێران هەژمار دەكرێت كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە روانەی سووریا دەكرێت.

دوو دامەزراوەی دەریایی باسیان لەوە كردووە، ئێران رێك رۆژێك بەر لە كۆتاهاتنی مۆڵەتەكەی ئەمەریكا نەوتەكەی لە سووریا بەتاڵ كردووە و دواتر بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە.

بەگوتەی سەرچاوەكە ئەو نەوتهەڵگرە بڕیار بوو نەوتەكە بۆ توركیا بگوازێتەوە، لە پڕ ئاراستەی رێیەكەی گۆڕیوە و بەرەو بەندەری ئەسكەندەروون رۆیشتووە و دواتر سێ هەفتە لەو بەندەرە چاوەڕوان بووە و بێ ئەوەی نەوتەكە بەتاڵ بكات، ئامێرەكانی GPSی كوژاندووەتەوە و بەرەو سووریا كەوتووەتە رێ و خۆی گەیاندووەتە بەندەرەكانی ئەو وڵاتە. كەشتییەكە لە مانگی ئادارەوە رێ كەوتووە و چاوەڕوان بووە نەوتەكەی لە شوێنێك بەتاڵ بكات.

دوای ئەوەی كەشتییەكە لە سووریا نەوتەكە بەتاڵ دەكات، ماوەیەكی تر ئامێرەكانی كوژاندووەتەوە و لە رۆژی حەوتی ئایار دووبارە ئامێرەكانی GPSی پێ كردووەتەوە و گەڕاوەتەوە ئێران.

بەگوێرەی "رادیۆ فڕنسا" لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا ئەمە دووەم جارە كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران ئەم فێڵە بۆ گواستنەوەی نەوت بەكار دەهێنێت.

بەرپرسانی ئێران بەردەوام قسە لەسەر ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا ناتوانێت رێگری لە هەناردەی نەوتیان بكات و لەوانەیە ئەمەش یەكێك لەو فێڵانە بێت كە ئێران بەكاری هێناوە.

هەرچەندە لەوانەیە ئێران بتوانێت یەك لەسەر چواری نەوتەكەی لە بازاری رەش بە رێی جیاواز ساغ بكاتەوە، بەڵام دیسان زیانی بۆ ئێران هەیە و ناتوانێت بە نرخی بازاڕ نەوتەكە بفرۆشێت.



وشە - سلێمان تاشان