بەهۆی باڵاپۆشێك ئۆتۆمبێلێك خۆی بە فڕۆكەكەی ئەنجێلا مێركل دەكێشێت

:: PM:03:05:14/05/2019 ‌
ویستی باڵاپۆشێك بۆ وێنەگرتن لەگەڵ ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا، دەبێتە هۆی بەركەوتنی ئۆتۆمبێلەكەی بە فڕۆكەكەی راوێژكاری ئەڵمانیا. هێزی ئاسمانی ئەڵمانیش دەڵێ، بەهۆی رووداوەكە مێرکل ناچار دەبێت بە هەلیكۆپتەر گەشتەكەی تەواو بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئایار، رۆژنامەی "شپیگل"ی ئەلكترۆنی ئەڵمانی بڵاوی كردەوە كچێكی باڵاپۆش كە زۆر سەرسام بووە بە ئەنجێلا مێرکل، بە مەبەستی وێنەگرتن لەگەڵیدا لە فڕۆكەخانەی دۆرتمۆند بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی لە فڕۆكەكەی ئەنجێلا مێرکل نزیك دەكاتەوە ، بەڵام بەهۆی سەرسامی زۆری، ناتوانێت كۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی بكات و خۆی بە پێشەوەی فڕۆكەكەدا دەکێشێت.

فڕۆكەكەی راوێژكاری ئەڵمانیا لە جۆری گلۆبال 5000 بووە و بەهۆی رووداوەكە زیان بەر پێشەوەی دەكەوێت و مێرکلیش ناچار دەبێت بە هەلیكۆپتەر لە دۆرتمۆندەوە بەرەو بەرلین گەشتەكەی تەواو بكات.

رۆژنامە ئەڵمانییەكە ئاشكرای دەكات، ژنە باڵاپۆشەكە كارمەندە لە فڕۆكەخانەی دۆرتمۆند، بەڵام هیچ زانیارییەكی لەسەر رووداوەكە ئاشكرا نەكردووە كە باڵاپۆشەكە وێنەكەی لەگەڵ مێرکل گرتووە یان نا.

جێی باسە پەككەوتنی فڕۆكە حكوومییەكانی ئەڵمانیا كێشەی بۆ هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا دورست كردووە، پێشتریش میركڵ لە گەشتی بۆ بۆینس ئایرس پایتەختی ئەرجەنتین بە مەبەستی بەشداری لە لووتكەی جی 20 لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، بەهۆی پەككەوتنی فڕۆكەكەی ناچار بوو لە ئیسپانیا بە فڕۆكەی گەشتیاری سەردانەكە تەواو بكات.


وشە - فه‌رمان سادق