عێراق داوای قەرەبووكردنەوە لە ئەمەریكا و ئیسڕائیل دەكات

:: PM:09:46:18/05/2019 ‌

پەرلەمانی عێراق ئامادەسازی بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسایەك دەكات بە مەبەستی وەرگرتنی قەرەبووی جەنگەكانی پێشتری ئەمەریكا و ئیسڕائیل لەدژی عێراق و ئەندامێكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە پەرلەمانیش دەڵێ، داوا لە لیژنەی یاسایی كراوە ئامادەكاری بكات بۆ داواكردنەوەی قەرەبووەكە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئایار، رامی سكینی ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، كار لەسەر دەركردنی یاسایەكی "گرنگ" دەكەین، كە داوا لە ئەمەریكا و ئیسڕائیل دەكات قەرەبووی جەنگەكانی پێشتریان بۆ سەر عێراق بدەن.

سكینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "كار لەسەر دەركردنی یاسایەكی گرنگ لە مێژووی حكوومەتی عێراق دەكەین، ئەو یاسایە ئاڵنگارییەكی مەزنە بۆ پەرلەمان و یاسایەكە رەهەندی نێودەوڵەتی هەیە"، زیاتر گوتی "داوامان لە لیژنەی یاسایی كردووە كە لیژنەیەكی باڵا پێك بێنێت بۆ قەربووكردنەوەی عێراق لەو زیانانەی لە جەنگەكانی 1981 و 1991 و 2003 بەر عێراق كەوتووە لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بە تایبەت ئیسڕائیل".

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، رەشنووسی یاساكە لە پێنج بەش و 16 مادە پێك دێت و تێیدا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دەرەوە ناچار دەكات كە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكاتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی عێراق لە زیانی ئەو جەنگانەی ئەمەریكا كردوویەتی سەری كە بەهۆیەوە ژێرخانی عێراق وێران بووە و ژینگەكەیشی پیس بووە و بەهۆیەوە هەزاران كەس بە بەكارهێنانی چەكی یۆرانیۆمی قەدەغەكراو دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بووینە و گیانیان لە دەستداوە، روونی كردەوە، "قەرەبووكردنەوەكە بەگوێرەی یاسا دەبێت لە دیوە دارایی و لۆجستییەكەیەوە".

جێی باسە ئیسڕائیل ساڵی 1981 هێرشی كردە سەر كورەی ناوەكی تەمووزی عێراق و وێرانی كرد، هاوكات ئەمەریكا لە ساڵی 1991 بەرانبەر بە داگیركردنی كوێت، هێرشی كردە سەر رژێمی بەعس و كوێتی لە ژێر دەسەڵاتی عێراق رزگار كرد، هاوكات ساڵی 2003 بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەریتانیا بڕیاری رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێنیان جێبەجێ كرد.





وشە - فه‌رمان سادق