حکوومەت لەبارەی هێنانی ئۆتۆمبێلەوە بڕیاری کۆتایی دا

:: PM:12:04:19/05/2019 ‌
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاشكرای دەكات، هیچ ئۆتۆمبێلێكی لێدراو و ژێرئاوكەوتوو و چاككراو ڕێی پێ نادرێت بێتە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئایار، لە ئاگەدارییەكی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هاتووە، ئاگەداری گشت كۆمپانیاكان و بازرگانان و دەرهێنەرانی گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەكەین، كە ئاماژە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان و بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی سەرچاوە مرۆییەكان، بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ بەڕێوەبەرایەتی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان ژمارە "٨٢٨٢"، بڕیار درا بە ڕاگرتنی هێنانی ئۆتۆمبێل.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە ئاشكرا دەكرێت، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان، بڕیار درا بە قەدەغەكردن و هاوردەكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی "لێدراو، چاككراو، ژێرئاوكەوتوو" كە هاوردە دەكرێن بۆ ناوەی هەرێمی كوردستان لە ڕێی دەروازە نێودەوڵەتییەكان و بازگەكانی ناو پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایی ئاگەدارییەكە باس لەوەش كراوە، ئەم فەرمانە لە ڕێكەوتی ٢٠١٩/٧/١ كاری پێ دەكرێت.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە ماوەی چوار ساڵە ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی لێدراو بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن بازرگانانەوە هێنراون.



وشە - رامیار جەواد