گۆران ئینزیبات: شەڕی یەكێتی بۆ كەركووك نییە

:: PM:03:14:01/06/2019 ‌
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، شەڕی یەكێتی بۆ كەركووك نییە، بۆیە پێویستە وا بیر بكرێتەوە كوردێك بكرێت بە پارێزگار نەك تەنیا كەسێكی حزبی.

بە بیانووی دانەنانی پارێزگاری كەركووك یەكێتی ئێستە هەوڵی پەكخستنی پرۆسەی سیاسیی لە كوردستان دەدات. گۆران ئینزیبات ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت  ناوەستێ‌ و ئەوەیشی یەكێتی دەیكات شەڕی بەرژەوەندییە نەك كەركووك.

ڕوونیشی كردەوە كە پێویستە وا بیر بكرێتەوە كوردێك بكرێت بە پارێزگاری كەركووك نەك بیر لە بەرژەوەندی حزبی بكرێتەوە و كەسێكی حزبی دابنرێ.

ئینزیبات لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەو هەوڵەی یەكێتی دەیدات پێوەندی بە بەرنامە و سیاسیەتی حزبەكەوە هەیە، بەڵام پێویستە كاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی كوردستان دانەنێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر فراكسیۆنی یەكێتی بە بیانووی كەركووك دەنگی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و هەوڵی پەكخستنی پرۆسەی سیاسیی كوردستانی دا، بەڵام بەرپرسانی پارتی و گۆڕان دووپات لەوە دەكەنەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت ناوەستێ‌.









وشە - سه‌رخێڵ هاشم