مەزڵووم كۆبانێ دەچێتە توركیا و میت و هەسەدە لە گفتوگۆدان

:: PM:01:44:03/06/2019 ‌
تا ئێستە دوو كۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان میتی توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دراوە و بەپێی زانیارییەكانیش بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو، مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە دەچێتە توركیا.

بە ناوەندگیریی ئەمەریكا، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دوو كۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان هێزەكانی هەسەدە و میتی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دراوە، بە هۆی ئەو كۆبوونەوانەیشەوە جۆرێك لە ئارامی لە نێوان توركیا و ‌هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان هاتووەتە ئاراوە، بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەكان بۆ گەیشتنە بە ڕێككەوتنێك بۆ پاراستنی ئارامی و وەلانانی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان.

ڕۆژنامەی ئەلمۆنیتەری بەریتانی بابەتێكی لەسەر نزیكبوونەوەی كورد و توركیا بڵاو كردووەتەوە بە ناوەندگیریی جەیمس جێفری باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا، بۆ ئەو مەبەستە چەند دانیشتن و كۆبوونەوەیەك لە نێوان چەند بەرپرسێكی رۆژئاوای كوردستان و توركیا بەڕێوە چووە.

ڕۆژنامە بەریتانییەكە بڵاوی كردووەتەوە كە كۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو، دواتریش لەم مانگەدا دوو كۆبوونەوە لە نێوان دەزگەی هەواڵگریی میت و مەزڵووم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە بەڕێوە چووە و تیایدا لەبارەی پێوەندییەكان گفتوگۆیان كردووە.

مستەفا بالی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە بەردەوام گوتوومانە ئامادەی هەموو دانیشتن و گفتوگۆیەكین بۆ گەیشتنە چارەسەر لەگەڵ توركیا.

ئەو دەڵێت "لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر خەتین و ناوەندگیریمان دەكەن بۆ ڕێككەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ توركیا، دەمانەوێ كێشەكانمان لەگەڵ ئەنكەرە چارەسەر بكەین، دەمانەوێ پێوەندییەكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستانمان لەگەڵ توركیا هەبێت."

ئەو فەرماندەیە بێئاگایی خۆی لە كۆبوونەوەكانی نێوان میت و بەرپرسانی هەسەدە ڕاگەیاند، بەڵام نەیشاردەوە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ هەیە.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هەسەدە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لە زیاد لە بۆنەیەكدا ئامادەیی هەسەدەی ڕاگەیاندووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ توركیا. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەو ماوەیەدا هەبووە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەی ناو هەسەدەوە دەستی كەوتووە، دوو كۆبوونەوە لە نێوان مەزڵووم كۆبانێ و میتی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دراون و وەك نیازپاكیی هەردوولاش بڕیاریان داوە لە ماوەی گفتوگۆكانیاندا گرژییەكانیان لە ڕۆژئاوای كوردستان كەمتر بكەنەوە، ئەوەش بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێت.

ڕۆژنامەی ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوەش كردووە، هەرچەندە بەرپرسانی توركیا بەردەوام هەڕەشە لە كوردەكانی سووریا دەكەن، بەڵام كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی كورد لە سووریا دەكەن و هەوڵی نەهێشتنی گرژییەكان دەدەن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بڕیارە لە مانگی داهاتوودا دیدار و گفتوگۆی تر لە نێوان هێزەكانی هەسەدە و میتی توركیا بەڕێوە بچێت، بۆ دانیشتنی داهاتووش زانیاری هەیە مەزڵووم كۆبانێ بە نهێنی بچێتە توركیا و لەوێ زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام بدات.

ئەم دیدار و كۆبوونەوانەی بەرپرسانی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا، لە كاتێكدایە بەردەوام ئەو هێزە توركیای وەك داگیركەر و پاڵپشتیكەری داعش ناو بردووە.

"وشە" لە سەرچاوەی باوەڕ پێكراوەوە ئەوەی زانیوە، بەرپرسانی هەسەدە ڕایان گەیاندووە بۆ چارەسەركردنی بارگرژییەكانیان لەگەڵ توركیا، پێویستیان بە بۆچوونی عەبدوڵا ئۆجەلان سەركردەی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان هەیە، بۆ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكانیش توركیا ڕێی بە بینینی ئۆجەلان داوە و وەك لە پەیامەكەشیدا دیارە بە وردی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان قسەی كردووە.

مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هەسەدە كۆبوونەوەی لەگەڵ هەندێ بەرپرسی تورك بە ناوەندگیریی ئەمەریكییەكان بۆ ڕۆژنامە بەریتانییەكە پشتڕاست كردووەتەوە.

سلێمانی/ هەستی كەمال



وشە - تایبه‌ت