راگەیاندراوێک لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌

:: PM:11:53:18/06/2019 ‌

پارتى دیموكراتى كوردستان راگه‌یه‌نراوێكى له‌باره‌ى قسه‌كانى مه‌حموود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌..
راگەیاندراوێک لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە پشوو درێژی پارتی و سەرۆك مەسعود بارزانی و، بە ھەوڵ و ھیمەتی ھەمووان، زەمینەی لێك تێگەیشتن و پێكھاتن لەسەر كۆی پرس و بابەتەكان ھاتووتە ئاراوە و گرێ کوێرەکان کراونەتەوە و ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نۆیەم گەیشتونەتە دوا قوناغ كە دەمێكە خەڵكی كوردستان چاوەروانی دەكەن بۆ رۆژانێكی باشتر و ئیستقراری سیاسی و ئابوری. لەو كاتەدا کە ناوچەكەو دەوروبەرمان لەبەردەم پێشھات و ئەگەری جۆراوجۆردان كەپێكەوەبوون و كاركرنی ھاوبەش لە ھیزە سیاسیەكان چاوەروان دەكرێت، كەسێكی وەكو مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) نەك ھەر نامسئولانە خۆی دەكاتە دەمڕاستی یەكێتی، بەڵکو بەریشدەدرێتە پارتی و رەمزی كوردستانمان.!

خەڵكی كوردستان چاوەروانی موژدەی خۆش و قسەی خێر و ھەنگاوی جدی و گوتاری عەقلانی لە ھەموو لایەك دەكەن، كەچی كەسێكی نا سیاسی و نەزان بە زمانێك قسە دەكات كە ئەگەر ھەر لە قاموسی بێ پەروەردەییدا ھەبن، ناوەخت و بێ بیانو بەسەر پارتیدا دەرشێتەوە كە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جورە رەفتارەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم رەوشە ناسكدا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەرێت بکرێت، تێكدانی ئیستقرار و یەك دەستی و یەكگرتوویی كوردستان و ئاشوب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ھیچ تەفسیرێكی دیكە ھەڵناگرێت.

ئەم جۆر و كەسانەی ناو رێزەكانی (ی.ن.ك) كە بە پیاوكوژ و كەڵەگایی لە خەڵكی ھەژار و قاچاخچیەتی و رۆژنامەنووس كوژ و مافیایانە ناسراون، لە پێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز دەترسێن كە رێگایان لی بگرێت لە كەڵەگایی و ناوچەگەری و رەفتارە مافیاییەكانیان.

بەداخەوە رەوشی ناوخۆی (ی.ن.ك) بەم رۆژە گەیشتووە كە لە مستەوای مەكتەبی سیاسیدا ھەریەكە و بە ئاوازێك بخوێنێ و داوا جاریش خیتابی سیاسی خەریکە بكەوێتە لای جنێوفرۆش و دەم ھەڕاشەكان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ھەر بەوەندە ئیکتفابکات کە زۆر بەشەرمنانە قسەكانی مەحمود سەنگاوی بە قسەی یەكێتی نەزانێ لەجیاتی ئیدانەكردن و ئیجرائات وەرگرتن...

ئێمە لە پارتی دیموكرات چاوەروانیمان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەبوو ھەڵوێستیان بەرامبەر بەو بێڕێزیەی كراوە ھەبێت و رێگە لەو جۆرە عەقلیەتانە بگرن كە ھەوڵی شەرنگێزانە و فیتنە نانەوە دەدەن و رێگا لەوانە بگرن كە بە راسپاردە و فیتی خەڵكی دیكە ھەڕەشە لە یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەكەن.

دڵگرانیشین كە ئەو جۆرە كەسانە ببنە قسەكەر و مدافعی یەكێتی و حەیف بۆ ئەو ھەموو خەبات و قوربانیدانەی خەڵكی كورداستان كە خیتابی سیاسی كەم و زۆر بكەوێتە لای نەزان و جنێوفرۆش و ئەوانەی لەخەمی نیشتیمان و نەتەوەدانین جگە لە ئەنجامدانی راسپاردەكان...

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨/٦/٢٠١٩


وشە - سه‌رخێڵ هاشم