پێدانی پۆستی وەزیر بە پێكهاتەی توركمان جێی سەرنجی میدیاكانی ئێرانە

:: PM:12:12:10/07/2019 ‌

پێدانی چەندان پۆستی باڵا بە پێكهاتەی توركمانەكان لە كابینەی نویی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جێی سەرنجی میدیاكانی ئێرانە و بە بایەخەوە باس لە پێدانی رۆڵی زیاتر بە پێكهاتەكان لە كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم دەنگ بە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەریمی كوردستان دەدرێت و بۆ یەكەم جاریش لە ئاستی وەزیر پۆست بە پێكهاتەی توركمان دەدرێت.

میدیاكانی ئێران باسیان لەوە كردووە توركمانەكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان دەگاتە 400 هەزار كەس، پێنج كورسیی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە بڕیاریان داوە لە حكوومەتدا بەشداری بكەن. بەگوێرەی "ئیسنا" توركمانەكان جگە لەوەی پۆستی وەزیرێكیان پێ دراوە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش پۆستێك بە توركمانەكان دراوە.

بە بۆچوونی میدیاكان بەشداری بەرەی توركمانی لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خاڵێكی وەرچەرخان لە سیاسەتی ئەو حزبە هەژمار دەكرێت كە رێبەرەكەی ئەرشەد ساڵحییە و پێشتر هەڵویستی توندی لەسەر سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستان هەبووە.

پێویستە بگوترێ ئایدن مەعرووف سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لقی هەولێری بەرەی توركمانی پۆستی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانی پێ دراوە.

هاوكات ماڵپەڕی تەحلیل "تی نیوز" بڵاوی كردەوە جگە لە پێدانی پۆستی باڵا بە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی بەرچاو ژنان بەشدارن و جگە لەوەی كە دوو پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان ژنن، هاوكات سی پۆستی وەزیریش بە ژنان دراوە.

لە ئاستی وەزیردا پۆست تەنیا بە پێكهاتەی توركمان نەدراوە، بەڵكو پێكهاتەی كریستیانەكانیش وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستانیان پێ دراوە كە كەسێكە بە ناوی ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح. كریستیانەكان پێشتریش لە ئاستی وەزارەتدا لە كابینەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پۆستیان وەرگرتووە.

لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتەكانی هەریم لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار لە سەرۆكایەتییەكان چەندان پۆستی تریان وەرگرتووە و ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی لە كوردستان ماف بە سەرجەم پێكهاتەكان دراوە و لە سەرجەم كایەكاندا بەشدارن.



وشە - سلێمان تاشان