پەرلەمانتارێك: چاكسازی لە وەزیفەی گشتییەوە دەست پێ دەكات

:: PM:06:27:16/07/2019 ‌
وەك ئەوەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی باسی كراوە، پرسی چاكسازی یەكێك دەبێت لە خاڵە سەرەكییەكانی كاركردنی چوار ساڵی داهاتوو. چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە چاكسازی ستراتیجی چوار ساڵی داهاتووی حكوومەت دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، سەعید هەركی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارانەی كابینەی تازە دەریكردوون دەستپێكی ئەنجامدانی چاكسازییە لەناو داو و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو بڕیارانەی دران لە جێی خواستی هاووڵاتییاندایە.

هەركی دووپاتی كردەوە كە چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان ئەنجام دەدرێ‌ و سەرەتایش لە داو و دەزگا فەرمییەكانەوە دەست پێ دەكات.

لای خۆیەوە د.سەباح سوبحی چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی  ڕاگەیاند، چاكسازی بنەرەتی پێویستی بە قۆناغ بە قۆناغ هەیە، بۆیە پلانی ستراتیجی كە بۆ چاكسازی دانراوە  گرنگە جێبەجێ بكرێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی، مەسروور بارزانی دەیەوێت هەموو وەزیرەكان بەیەكچاو سەیر بكرێت و یەك بڕیاریش جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی ئەوپلانە ستراتیجییەی بۆ چاكسازی دانراوە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم