ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرەتایەكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان

:: PM:11:21:16/07/2019 ‌

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و شاندی باڵای هاوەڵی بۆ بەغدا دووپاتی كردەوە، شاندەكە مۆركێكی كوردی پێوە دیارە و سەرەتایەكی باشی دەست پێ كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەمڕۆ سێشەم خەلیل سەركانی،‌ ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند, شاندەكەی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی كە سەردانی بەغدای كردووە, یەكێكە لە شاندە هەرە باشەكان بە بەراورد بە رابردوو, كە مۆركێكی كوردانەی پێوە دیارە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدات.

زیاتر گوتی، سەردانەكەی شاندی حكوومەتی هەرێم لە یەكەم هەفتەی دەستبەكاربوونی بۆ بەغدا، سەرەتایەكی زۆر باشە و دەردەكەوێت كە هەرێم و حكوومەت دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا رێك بكەون و كۆتایی بە كێشەكان بێنن و مەسروور بارزانیش دەیەوێت كۆتایی بە كێشەكان بێنێت.

سەركانی دووپاتی كردەوە، كێشەكانی هەرێم و چارەسەركردنیان تەنیا لە عێراقە و ئومێدەوارین بەردەوام بێت تا كۆتاهاتنی كێشەكانی هەردوولا, دانوستاندن لەگەڵ عێراق لە دۆخێكی تەندروستدایە و هەردوولا دەیانەوێت كۆتایی بە كێشەكانیان بێنێت.

ئاماژەی كرد، كۆتاییهێنان بە كێشەی نەوت و بودجە و مووچە و پێشمەرگە، هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ كابینەی نوێی حكوومەت كە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە دەیەوێت گرفتەكان نەهێڵێت.

ئەمڕۆ سێشەم مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی هاوەڵی كە لە چەند وەزیر و بەرپرسێكی حكوومەت پێكهاتبوون، سەردانی بەغدایان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل