ئەمەریكا پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگەی لالش تەرخان دەكات

:: PM:03:52:18/07/2019 ‌

باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق رایگەیاند كە وڵاتەكەی بڕی 500 هەزار دۆلاری ئەمەریكی بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگەی لالشی پیرۆزی كوردانی ئێزیدی تەرخان كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم ماسیۆ تۆلەر، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای سەردانیكردنی پەرستەگەكە ئاماژەی كرد كە جێی خۆشحاڵی ئێمەیە رایبگەیەنم بەوەی ئەمەریكا بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی پەرستگەی لالش تەرخان كردووە.

زیاتر گوتی، چەند تیمێكی تایبەت لە ویلایەتی بنسلڤانیا سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن، هاوكات ئەمەریكا پاڵپشتی تۆژەنكردنەوەی چەند پڕۆژەیەكی كولتووری لە عێراق دەكات لەوانە مۆزەخانەی شوێنەواری لە بەغدا و قەڵاتی هەولێر، جیا لە بوونی هاریكاری لە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی شوێنە شوێنەوارییەكانی وێرانكراو لە شاری مووسڵ.

لە تشرینی دووەمی 2018 خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە دەست كراوە بە نۆژەنكردنەوەی پەستگەی لالش، بەڵام هەنگاوەكان تا ئێستە لە قۆناغی سەرەتایین و سنووردارن، روونی كردەوە كە خەڵكی ناوچەكە لەسەر حیسابی خۆیان دەستیان بەو كارە كردووە.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل