نووسینگەی ئێرانی باشماخ دەیەوێ بەزۆر پارە لە بازرگانانی هەرێم وەربگرێت

:: PM:06:40:18/07/2019 ‌

لە دیوی ئێرانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، رێگە لە زیاتر 150 ئۆتۆمبێلی شۆفێران و بازرگانانی هەرێمی كوردستان گیراوە، بەهۆی نەدانی بڕی 50 دۆلاری ئەمەریكی و  رێگەیان پێنادرێت كاڵا و شتوومەكەكانیان هاوردەی ناو خاكی هەرێم بكەن تا ئەو كاتەی ئەو پارەیە دەدەن.

عوسمان عارف، یەكێك لە شۆفێرانی هەرێم كە لە ئێران گیری خواردووە بە"وشە"ی راگەیاند، بڕێكی زۆری كەلوپەلی بیناسازیم پێیە و لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەم گەرمایە چەند رۆژێكە راگیراوین و ناهێڵن بێینە ناو مەرزی باشماخی هەرێم، بەهۆی ئەوەی كە گوایە پسوولەی 50 دۆلاریمان لە دیوی ئێران نەبڕیوە، بەو هۆیەشەوە مەترسییەكی گەورە لەسەر بارەكانمان دروست بووە.

زیاتر گوتی، داواكارین بە پەلە بەپرسانی بازرگانی و ئیداری سنووری پارێزگای سلێمانی و حكوومەتی هەرێم بێنە سەر خەت و چارەسەری ئەم گرفتەمان بۆ بكەن.

لای خۆیەوە سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ "وشە" رای گەیاند، بەڵێ ئاگەداری ئەو گرفتەین و نوێنەری ئەو شۆفێر و بازرگانانەی هەرێم سەردانیان كردووین، ئێمە هەوڵەكانمان خستووەتە گەڕ، تا رێگە لەو نووسینگە بگرین كە لە مەرزی باشماخی دیوی ئێران هەیە لەوەی ئەو كارە بكەن.

روونی كردەوە، ئەو نووسینگە ئێرانییە دەیەوێ پارە لەو بارهەڵگرانە وەربگرێت كە بەشێوەی ترانزێت دێنە هەرێمی كوردستانەوە، ئێستەش هاتووەتە دیوی هەرێمی كوردستان و دەیەوێت بڕی 50 دۆلار  لەو  بارهەڵگرانە وەربگرێت كە بەشێوەی ترانزێت دێنە هەرێمی كوردستانەوە، بێ ئەوەی پارەكە بگێڕێتەوە بۆ حكوومەتی هەرێم.

محەمەد دووپاتی كردەوە، پێوەندیمان بە بەرپرسانی ئێران لە مەرزی باشماخ كردووە و  ئاگەدارمان كردوونەتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە هیچ نووسینگەیەك نەدەن پارە لەو بارهەڵگرانە وەربگرێت، كە بەشێوەی ترانزێت دێنە هەرێمی كوردستانەوە و بەڵێنمان پێ دراوە ئەو نووسینەگەیەی دانراوە لە دیوی ئێران، دەربكرێت.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و یەكێكە لە سێ دەروازە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان كە بە ئێرانەوە بەستراوەتەوە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجام دەدرێت.


پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل