داعش لە ناوچەی ئیمام وەیسەوە خۆراك بۆ چەكدارانی دەگوازێتەوە

:: AM:09:36:20/07/2019 ‌

دوای دووساڵ لە راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش و بانگەشەی نەمان و لاوازبوونی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە، دەردەكەوێ داعش لە ناوچەی ئیمام وەیس كە دەڕوانێتە سەر ناوچەكانی سەعدیە، جەلەولا، حەمرین و رێی گەیشتن بەعوزێم و مەندەلی، خۆی رێك خستووەتەوە و لەوێشەوە خۆراك بۆ چەكدارەكانیان دەگوازنەوە.

عەلی حەمەئەمین یەكێك لە موختارەكانی ناوچەی حەمرین، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، رێی ئیمام وەیس رێیەكی زۆر دوور نییە لە ئاوایی حەمرینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێیەكی ترسناكە و ناوچەیەكی زۆر فرەوانە، ناوچەكانی سەعدیە و ئاوای حەمرین و گوندنشینانی سنووری حەمرین لە مەترسی بەردەوامدان.

ئەو گوتی "داعش لە ناوچەی ئیمام وەیسەوە دێتە سنووری گوندەكانمان و زۆر جار لەسەر رێی دەریاچەی حەمرین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدا".

بەگوتەی ئەو موختارە، خەڵك بە چەكی خۆیان پارێزگاری لە ناوچەكەیان دەكەن و چەند مەفرەزەیەكی سوپاش لە ناوچەكەیاندا هەن، بەڵام هێز لە ناوچەی ئیمام وەیس نییە.

لە بەرانبەردا عەمید عیرفان حەمەخان جێگری لیوای سێی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ناوچەكانی سنووری ئیمام وەیس مەترسیدارە و كردەوەی تیرۆریستی تێدا ئەنجام دەدرێ، پێشتر پێشمەرگە نزیك بوو لە ناوچەكە و هێندە مەترسیدار نەبوو، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كە پێشمەرگە لە سنووری خانەقین و سەعدیە و كوباشی كشایەوە، كردەوە تیرۆیستییەكان روویان لە زیادبوون كرد.

وەك ئەم فەرماندەیە ئاماژەی پێ كرد، "بۆشایی تەناهی هەمیشە بۆ هێزی گەڕۆك گرنگە تا خۆی تێدا رێك بخاتەوە، مگەر بەگەڕانەوەی پێشمەرگە بە رێككەوتنی سیاسیی ئەو مەترسییانە بڕەوێتەوە".

داعش لە حوزەیرانی 2014 سەری هەڵدا و لە ماوەیەكی كەمدا چوار پارێزگای عێراقی داگیر كرد و لە 2018 كۆتایی بە حوكمە تیرۆرستییەكەی هات.

مەحموود دەلۆیی كارگێڕی لیژنەی ناوچەی جەلەولای پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، رێی ناوچەی ئیمام وەیس جیاواز لە رێی دەریاچەی حەمرین، بەهۆی ئەوەی دوورترە لە سەنتەری شارەدێی سەعدیە و شارۆكەی خانەقین كە دوو ناوچەی كوردستانین، هاوكات درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری مەندەلی و جەلەولا لە ناوچە كوردستانییەكان، هەروەها دەڕوانێتە سەر رێی شارەبانیش و ساڵانێكە بە رێیەكی سەربازی ناسراوە و هاووڵاتییان هاتۆچۆی پێدا ناكەن، بۆیە داعش كردوویەتی بەڕێی ستراتیجی خۆی.

وەك ئەم بەرپرسە خستیەڕوو، چەند گوندێك لە ناوچەكەدا هەبوون، بەڵام بەهۆی ستەمی حەشدی شەعبییەوە ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ناوچەكە زیاتر بووەتە چۆڵەوانی و داعش كردوویەتییە مەیدانی رمبازیی خۆی.

وەك ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی پێ كرد، داعش جگە لە هاتوچۆكردنی لەو رێیە واتا رێی ئیمام وەیس بۆ دەریاچەی حەمرین، تەنانەت رێیەكی درێژی تری كردووەتەوە كە بۆ عوزێم دەچێت و نزیكە لە شارۆكەی خورماتوو. جگە لەمە ماتۆڕسكیل بەكاردێنن بۆ هاتوچۆ و بەهۆی شارەزاییانەوە، لە هەندێك شوێن بۆمب دەچێنن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بێتە پێش هەر هێزێك بیەوێ ئۆپراسیۆن لە ناوچەكە ئەنجام بدات.
 ئێستە بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان و كردەوە تیرۆریستییەكان، لیژنەی ئاشتی خۆشەویستی لە خانەقین كە لە رۆشنبیران و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی پێكهاتوون، بەگرنگی دەزانن پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ تەواوی ناوچە كوردستانییەكان.

لەمیعە محەمەد ئەندامی كارای لیژنەی خۆشەویستی، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بۆ پاراستنی تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆیان، دەستیان بە هەڵمەتێكی واژوو كۆكردنەوە كردووە و لە داهاتوودا ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكانی دەكەن.
بە پێویستی زانی، هەموو رێیەكی مەدەنی لەلایەن شەقامەوە بگیرێتەبەر، هاوكات دەبێ نوێنەرانی كوردیش لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە.

هاوكات ناسر ئەحمەد بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە كە هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ تا لەرێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە و بەهاوبەشی بەڕێوەبردنی دۆسیەی تەناهی تەواوی ناوچە كوردستانییەكان، رێككەوتنی لەسەر بكرێ.

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی چەند مانگێكە لەرێی سەردانی مەیدانییەوە لە دۆسیەی ناوچە كوردستانییەكان دەكۆڵێنەوە و راپۆرت ئامادە دەكەن.






وشە - وشه‌