خورماتوو.. چەند فڕۆكەیەكی نەناسراو چاودێری ناوچەكە دەكەن

:: PM:04:41:12/08/2019 ‌

دوای ئەوەی مانگی رابردوو فڕۆكەی نەناسراو دوو هێرشیان بۆ سەر سەربازگەكانی حەشدی شەعبی لە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە ئەنجام داو بەوهۆیەوە قوربانی زۆری لێ كەوتەوە، بۆیە دووبارە سوڕانەوەی پۆلێك فرۆكەی نەناسراو بە ئاسمانی شارۆكەی خورماتوو لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دڵەڕاوكێی لای خەڵكەكە دروست كردووە و  پۆلیسیش ئاماژە دەكات كە توانای ئاشكراكردنی ئەو فرۆكانەمان نییە.

ئەمڕۆ دووشەم 12ی ئابی 2019، هاووڵاتییانی شارۆكەی خورماتوو "وشە"یان لە بینینی سێ فڕۆكەی نەناسراو ئاگەدار كردەوە كە قەبارەیان زۆر گەورە نەبووە و لە ئاسمانی ناوچەكە بینراون، ئەوەش لەكاتێكدایە كە میلشیا شیعەكان و داعش لە ناوچەكەدا ماون.

مەریوان ئیبراهیم وەك شایەتحاڵێك بۆ "وشە"باسی لەوە كرد، فڕۆكەكان بینراون و ئەوەی گومانی دروست كردووە لە ئاستێكی زۆر بەرزدا بوونە لە ئاسمانی ناوچەكەوە، هەروەها بەدەر لە فڕۆكەی گواستنەوەی هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان زۆر گەورە نەبوونە.

لای خۆیەوە ئەرسەلان عەلی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو لەگەڵ ئەمڕۆ دووشەم لە ئاسمانی پارێزگای سەڵاحەدین و شارۆكەی خورماتوو و شارەدێی ئامرلی، سێ فڕۆكە بینراون و سوڕاونەتەوە.

زیاتر گوتی، سوڕانەوەی ئەو فڕۆكانە دەزگە تەناهییەكانی سەرقاڵ كردووە، بەڵام ئەوان زانیاری نادەن، چونكە پێش ماوەیەك سەربازگەیەكی حەشدی شەعبی لە ئامرلی كرایە ئامانج و چەند شارەزایەكی ئێرانی تێدا كوژرا.

ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتی كردەوە كە خەڵك فڕۆكەكانی بینیوە لە ئاستێكی زۆر بەرز لە ئاسمان سوڕاونەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە داعش لە ناوچەكە بوونی هەیە و میلشیاكانیش بەگومانن لە هاتوچۆی ئەو فڕۆكانەی دێنە سنووری دیالە و سەڵاحەدین.

لای خۆیەوە عەمید حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەوەی هەیە خەڵك باسی دەكا بینویانە كە فڕۆكە سوڕاوەتەوە و لە ئاسمانی ناوچەكە بینراوە.

دووپاتی كردەوە، وەك پۆلیسی خورماتوو هیچ ئامێرێكی ئاشكراكردنی پێشكەوتوومان نییە لەو رووەوە تا زانیاری وەربگرین.

ئەگەرچی ئاسمانی دیالە و سەڵاحەدین بەتایبەت لە سنووری خورماتوو و دەشتی عوزێم و دیالە جیاوازی نییە، بەر لە دوو هەفتە لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رای گەیاندبوو، هەر فرۆكەیەك بێتە ئاسمانی ناوچەكە بێ پرسی ئەوان تەقەی لێ دەكەن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی










وشە - مه‌حموود ئیسماعیل