وردەكاری تەقینەوەكانی بەغدا

:: PM:07:55:12/08/2019 ‌

دوای ئەوەی میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە بەهۆی سووتانی جبەخانەیەكی سەربازی لە باشووری بەغدا چەند تەقینەوەیەك رووی داوە، زانیاری لەبارەی رووداوەكە بڵاو بووەوە تەقینەوەكان لە سەربازگەیەكی حەشدی شەعبی بووە.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی رای گەیاند كە جبەخانەیەكی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقڕ لە ناوچەی عوێریج لە بەغدا تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی تەقینەوەی چەند مووشەكێك و ئێستە تیمەكانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەن و تا ئێستە قوربانی نییە.

لای خۆیەوە پەیامنێری كەناڵی "حورە"ی ئەمەریكی لە عێراق رای گەیاند كە تەقینەوەكە لەناو جبەخانەیەكی بنكەی سەقڕ بووە لە باشووری بەغدا و ئەو سەربازگەیە هی حەشدی شەعبییە لە نزیك بارەگای لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵ لەسەر رێگەی نێوان بەغدا و حلە.

هیشام هاشمی شارەزای تەناهی عێراقی لەبارەی تەقینەوەكانەوە لە لاپەڕەی خۆی لە "تویتەر" نووسیویەتی، سووتانی جبەخانەیەكی چەك لەناو سەربازگەی سەقڕ لە ناوچەی عوێرج لە باشووری بەغدا بووەتە هۆی تەقینەوەی چەند مووشەكێك، روونی كردەوە، ئێستە تیمەكانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەن و تا ئێستە هیچ قوربانییەك نییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل