حكوومه‌ت ماتۆڕسكیلی نوێ قه‌ده‌غه ده‌كات و ڕێ به مۆدێلێك ده‌دات كه‌ڵكی هاتوچۆی نه‌ماوه
به بیانووی ئه‌وه‌ی ماتۆڕسكیلی مۆدێل نوێ كه به قاچاخ هاورده كراون، وه‌زاره‌تی ناوخۆ ته‌نیا مۆدێلی خوار ٢٠١٢ تۆمار ده‌كات، مۆدێلێك كه زیاتر له هه‌شت ساڵه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان فڕه‌فڕیانه و چیتر كه‌ڵكی هاتوچۆیان نه‌ماوه، كه‌چی مۆدێل نوێكان كه به هۆیانه‌وه پاره‌یه‌كی زۆری ناوخۆ براوه‌ته ده‌ره‌وه، پان ده‌كرێته‌وه و ده‌كرێنه‌وه ئاسنه شكاو كه هۆكارێكه له كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی سه‌رشه‌قامه‌كان.
هاتوچۆی هه‌ولێریش ده‌ڵێ، "جگه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، له‌مه‌ودوا ده‌ست به‌سه‌ر ماتۆڕسكیله‌كانی پێشانگه‌كانیش ده‌گرین".
"ئاگاداربن هاوڕێیان له‌سه‌ر شه‌قامی كۆیه مه‌فره‌زه هه‌یه. سڵاو له ترافیكی شۆڕش پۆلیس هه‌یه، بۆ زانیاریتان له‌سه‌ر ڕێی كه‌ركووكیش هه‌یه، له‌سه‌ر رێی مووسڵ و له به‌رده‌م ئه‌و مزگه‌وته و له ته‌نیشت فڵانه مۆڵ و له‌سه‌ر ئه‌و رێ و ئه‌و شوێنه و هتد... هه‌ن" ماوه‌یه‌كه هه‌موو به‌یانییه‌ك به‌ده‌م ده‌موچاو شووشتن و نانخواردنه‌وه، ئه‌و زانیارییانه‌ی له گرووپێكی ڤایبه‌ره‌وه پێ ده‌گات، كه خاوه‌ن ماتۆڕسكیله‌كان له ترسی گرتنیان، یه‌كتری لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه.
مه‌ریوان به ترس و دڵه‌ڕاوكێ سلفی له ماتۆڕه‌كه‌ی دا و به‌ره‌و كار ناوی خوای لێ هێنا، شه‌ش مانگه ماتۆڕێكی مۆدێل ٢٠١٨ی له بازاڕی هه‌ولێر كڕیوه، ئه‌و كه به فرۆشتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و كڕینی شوقه‌یه‌ك، كرێی خانووی له كۆڵ خۆی كردووه‌ته‌وه، ترسی گرتنی ئه‌و ماتۆڕه‌ی به قه‌رز كڕیویه‌تی، ماوه‌یه‌كه به‌رۆكی گرتووه و لێی نابێته‌وه.
ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌ی بۆ مه‌ریوان هه‌ڵنایه ئه‌وه‌یه، ئه‌و ماتۆڕه‌كه‌ی به ڕۆژی ڕووناك له بازاڕ كڕیوه و ئێسته‌یش له بازاڕه‌كان پڕن و ئازادانه كڕین و فرۆشتنیان پێوه ده‌كرێت، به‌ڵام پۆلیسی هاتوچۆ كاریان به‌وانه‌ی پێشانگه‌كان نییه و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا ده‌گرن كه له شه‌قامه‌كاندا دێن و ده‌ڕۆن.
مه‌ریوان به"وشه" ده‌ڵێ "منیش پێمخۆشه له‌بری ماتۆڕ ترۆمبێلم هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێم بگه‌ڕێن به‌و ماتۆڕه‌ش كاره‌كانم ڕایی ده‌كه‌م".
زۆرن ئه‌وانه‌ی وه‌ك مه‌ریوان ده‌ستپێكی ڕۆژه‌كه‌یان به‌ترسی لێسه‌ندنی ماتۆڕه‌كه‌یان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، هه‌شه قۆناغی ترسی بڕیوه و كه‌وتووه‌ته بۆسه‌ی پۆلیسی هاتوچۆوه و ماتۆڕه‌كه‌ی لێ ستێنراوه.
مه‌سعوود عه‌بدوڵا، كاری ته‌خته‌وداری خانوو ده‌كات و ئه‌و ماتۆڕه‌ی سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر به ٥٣٠ دۆلاری ئه‌مه‌ریكی كڕیبووی، له شه‌قامی شۆڕشی هه‌ولێر پۆلیسی هاتوچۆ گرتی، ئه‌و كه سێ منداڵی هه‌یه و كرێچییه، به"وشه"ی گوت "زۆر له‌به‌ریان پاڕامه‌وه پێیان نه‌دامه‌وه".
ئه‌و چیرۆكه ته‌نیا به‌سه‌ر مه‌سعوود نه‌هاتووه و به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر، ته‌نیا له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ٦٧٢ كه‌س به ده‌ردی ئه‌و چوونه.
ئه‌وه له كاتێكدایه بازاڕه‌كان پڕ ماتۆڕی جۆراوجۆرن و تا ئێسته ئازادانه ده‌فرۆشرێن و تا دێت ژماره‌یشیان زیاتر ده‌بێت، له نێوانی شه‌قامی ٤٠ مه‌تری و ٣٠ مه‌تری خوار گه‌ڕه‌كی سێتاقانی هه‌ولێر، كۆمه‌ڵێك دووكانی فرۆشتنی ماتۆڕسكیل هه‌ن كه له ناوه‌وه و له به‌رده‌م هه‌ریه‌كێكیان چه‌ندان ماتۆڕ به ته‌نیشت یه‌كه‌وه بۆ فرۆشتن ڕیز كراون.
له‌و بازاڕه مالیك غازی دووكاندار باس له‌وه ده‌كات، كه تا ئێسته كه‌س ئاگاداری نه‌كردوونه‌ته‌وه كه نابێ ئه‌و ماتۆڕانه بفرۆشن و یاساغن، به‌ڵام ده‌یگێڕێته‌وه كه كه‌س هه‌بووه ماتۆڕی لێ كڕیون و دوای نیوسه‌عات له‌سه‌ر شه‌قام ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
مالیك به ناڕه‌زاییه‌وه بۆ "وشه" ده‌ڵێ "له‌وه‌ته‌ی له‌سه‌ر شه‌قام ماتۆڕ ده‌گرن، بازاڕمان ڕاوه‌ستاوه و كه‌س ناوێرێت ماتۆڕ بكڕێت، جاران كه له ڕۆژێكدا شه‌ش ماتۆڕم ده‌فرۆشت، ئێسته به هه‌فته‌یه‌ك ماتۆڕێك بفرۆشم شكورم".
كه‌مێك ئه‌ولاتر دیدار جه‌بار دووكاندار له هه‌مان بواری فرۆشتنی ماتۆڕ، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، "به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ زیانی زۆرمان پێ گه‌یشتووه، به جۆرێك كرێی دووكانمان پێ ده‌رنایه‌ت كه ٦٠٠ دۆلاره مانگانه، جاران كه ڕۆژانه پێنج ماتۆڕم ده‌فرۆشت، دوو هه‌فته‌یه هیچم نه‌فرۆشتووه".
وه‌ستا محه‌مه‌دیش ده‌ڵێ "دوو مانگه كرێی دووكانم ده‌رنه‌هینایه"، هه‌ر له‌و بازاڕه ئومێد كاڵای جوانكاری ماتۆڕسكیل ده‌فرۆشێت و دوو خێزانی به مله‌وه‌یه، ئه‌ویش ده‌ڵێ "فرۆشمان زۆر خراپه".
هه‌ندێك له‌و دووكاندارانه نیمچه بازاڕێكیان بۆ خۆیان دروست كردووه، به‌وه‌ی شانسی ماتۆڕی مۆدێل كۆن كه كه‌ڵكی لێخوڕینیان نه‌ماوه و هۆكارێكن بۆ پیسكردنی ژینگه، به ٢٠٠ هه‌زار دینار ده‌كڕنه‌وه و ده‌یخه‌نه سه‌ر مۆدێل نوێ و دوای هه‌زه‌كردن به ٢٥٠ هه‌زار دینار له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر تۆماری ده‌كه‌ن.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش ترسی لێسه‌ندنیان به‌گشتی نرخی ماتۆڕسكیلی بۆ نزیك به نیوه دابه‌زاندووه و ئێسته به‌پێی مۆدێل و كوالێتی نرخی ماتۆڕ له‌و بازاڕه، له ٢٠٠ هه‌زاره‌وه تا ١٠ هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی هه‌یه، كه پێشتر نرخه‌كانیان به‌رزتر بوون.
له‌و بازاڕه زیاتر له ١٠ هه‌زار ماتۆڕسكیل هه‌یه و ڕۆژانه ژماره‌یان زیاتر ده‌بێت، وه‌ك دووكانداره‌كان باس ده‌كه‌ن، ماتۆڕ به پارچه و به كاملیش له سنووره‌كانه‌وه به پاره دێته ژووره‌وه و هه‌رچه‌ندت بوێت بۆت دێنن، ئه‌وه له كاتێكدایه به‌پێی ڕێنوێنیی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆتایی ساڵی ٢٠١٢وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاورده و تۆماركردنی ماتۆڕسكیل قه‌ده‌غه‌یه.
به‌پێی ڕێنوێنی نوێی وه‌زاره‌تیش بێت، له‌مه‌ودوا ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌ی دووكانه‌كان ئه‌گه‌ر به فه‌رمی داخلی هه‌رێم نه‌كرابن و مه‌نه‌فێستیان نه‌بێت، ئه‌وا له ڕێی لیژنه‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و شوێنه‌كه داده‌خرێت.
جگه له‌وه هه‌ر به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بۆ له‌مه‌ودوا شوێنی چاككردنه‌وه‌ی ماتۆڕسكیلیش نابێت ماتۆڕی بێ تابلۆ و تۆمارنه‌كراو چاك بكه‌نه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت و به بڕی ٥٠٠ هه‌زار دینار سزا ده‌درێت.
ڕائید فازڵ حاجی گوته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، "هه‌ڵمه‌تی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ماتۆڕسكیل به‌رده‌وامه و به‌پێی دوایین بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ له‌مه‌ودوا ماتۆڕسكیله بێ مه‌نه‌فێسته‌كانی ناو دووكانه‌كانیش ده‌گرین، كه پێشتر ته‌نیا له‌سه‌ر شه‌قام ده‌ستمان به‌سه‌ردا ده‌گرتن".
حاجی بۆ "وشه" ئاشكرای ده‌كات، له‌مه‌ودوا ڕێ به چه‌ند كۆمپانیایه‌ك ده‌درێت به فه‌رمی و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی ماتۆڕسكیل هاورده بكه‌ن. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "ئه‌وانه‌ی به ناڕه‌سمی هاتوونه‌ته ناو كوردستان، دوای ده‌ست به‌سه‌رداگرتن، پانیان ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌درێنه كارگه‌ی شیش".
به‌ڵام ئه‌و ماتۆڕانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پانیان ده‌كاته‌وه و ده‌یانكاته ئاسنه‌شكاو، سامانی گشتی وڵاتن و به‌هۆیانه‌وه پاره‌یه‌كی قه‌به‌ی ناوخۆ ڕۆیشتووه‌ته ده‌ره‌وه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه و نه‌توانراوه پێشی پێ بگیرێت.
سوودی ماتۆڕسكیل
ماتۆڕسكیل كه وه‌ك ئۆتۆمبێل هه‌موو یاسایه‌كی هاتوچۆی له‌سه‌ر پێڕه‌و ده‌كرێت، له‌بری ڕێكخستنه‌وه و تۆماركردن و كۆنتڕۆڵكردنیان له‌سه‌ر شه‌قام و ڕێگرتن له سه‌رپێچی زۆر له ماتۆڕسواران، كه ڕۆژانه به ده‌نگی به‌رزیانه‌وه به‌هۆی به‌ستنی گزۆزی گه‌وره كه بازرگانه‌كان هاورده‌ی ده‌كه‌ن، به‌خێراییه‌كی تیژ له شه‌قامه‌كان دێن و ده‌چن و به‌بێ گوێدانه ڕێنوێنییه‌كانی هاتوچۆ، به ئاره‌زووی خۆیان ئه‌مبه‌روبه‌ری شه‌قام ده‌كه‌ن و به‌ناو ئۆتۆمبێلاندا، به‌بێ كڵاو و جلوبه‌رگی خۆپارێزی جرتوفرتیانه و به ڕۆژی ڕووناك به به‌رده‌می پۆلیسی هاتوچۆ ڕاده‌برن، نه كامێرای چاودێری ژماره‌كانیان ده‌گرێت و نه پۆلیسی هاتوچۆش سزایان ده‌دات.
كه‌چی به بڕیاری ده‌ست به‌سه‌رداگرتنیان، ڕۆژانه ماتۆڕسكیلی خه‌ڵكێكی زۆری كه‌مده‌رامه‌ت له كوردستان پان ده‌كرێنه‌وه و داهاتی چه‌ند مانگه‌یان به هه‌وا ده‌ڕوات، له كاتێكدا ماتۆڕسكیل هۆكارێكه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی شه‌قام. ئه‌گه‌ر به رێنوێنی و دیاریكردنی شه‌قام و ده‌نگیان پابه‌ند بكرێن.
ته‌نیا له هه‌ولێر ڕۆژانه ملیۆنێك ئۆتۆمبێل جرتوفرتیانه و كه‌می سووته‌مه‌نیشیان ئه‌گه‌ری ته‌نگژه‌ی به‌نزین كه‌متر ده‌كه‌نه‌وه كه كوردستان ته‌نیا توانای دابینكردنی نیوه‌ی خواستی هه‌یه. به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، بڕی پێویستی ڕۆژانه‌ی به‌نزین له كوردستان نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن لیتره.
ئێسته مه‌ریوان و هاوشێوه‌كانی ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیانه نه‌كا ڕۆژێك بێت و ئه‌و ماتۆڕه‌ی به پاره‌ی خۆیان له بازاڕی ئازاد كڕیویانه، پۆلیسی هاتوچۆ لێیان بستێنن و سه‌رچاوه‌ی بژێوی و ڕاییكردنی كاری ئه‌وان بكرێته شیش و له سه‌قفی خانوویه‌كدا بنێژرێت.
پاشخان:
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر، ته‌نیا له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ 2019 له‌ناو شار و ده‌وروبه‌ری، ٥٢٣ ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراون و ٨٦ ڕووداویان به‌هۆی ماتۆڕسكیله‌وه بووه، هه‌ر به هۆیانه‌وه ٨٥ كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و ٥٣٥ كه‌سیش بریندار و په‌ككه‌وته بوونه.
وشه/ هه‌ولێر - چواس خالید