وەزارەتی شەهیدان: دوو گۆڕی بەكۆمەڵی تر لە سەماوە هەڵدەدرێنەوە

:: PM:10:48:20/08/2019 ‌

 
وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە لە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری بەغدا دەست كراوە بە پشكنینی (دی ئێن ئەی) بۆ ناسینەوەی ناسنامەی ڕوفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە و دووپاتی دەكاتەوە دوو گۆڕی تر هەڵدەدرێنەوە.

سیروان جەلال بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ڕوفاتانەی كە لە گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە دەرهێنران و ژمارەیان 171 ڕوفات بوو، لە پەیمانگەی دادوەری لە بەغدا دەست كراوە بە وەرگرتنی سامپڵ و پشكنین بۆ ئێسكەكان بۆ ناسینەوەی ناسنامەی ئەوان، روونی كردەوە، پشكنینەكان بە شێوەیەكی سەردەمیانە ئەنجام دەدرێن.

زیاتر گوتی، بۆ ئەو دوو گۆڕە بە كۆمەڵەی سەماوە كە بڕیارە هەڵبدرێنەوە، هەفتەی داهاتوو تیمێكی دەزگای شەهیدانی بەغدا سەردانی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم دەكات بۆ ئەوەی پێكەوە كاتێك دیاری بكرێت بۆ هەڵدانەوەی ئەو دوو گۆڕە بە كۆمەڵەی تر.

بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان روونی كردەوە، بەپێی گوتەی شایەتحاڵەكان ئەو دوو گۆڕە بەكۆمەڵەی كە بڕیارە هەڵبدرێنەوە، زیاتر ڕوفاتی منداڵ و ژنیان تێدایە و شایەتحاڵەكان پێیان وایە بە هەردوو گۆڕە بە كۆمەڵەكەوە ڕوفاتی نزیكەی 500 كەسیان تێدایە، تا هەڵدانەوەی گۆڕەكان هیچ شتێك نازانین.

لای خۆیەوە فواد جەلال گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە بیابانی سەماوە گومانی بوونی زۆرترین گۆڕی بە كۆمەڵ دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لە داهاتوودا هەڵبدرێنەوە.

شایەنی باسە لە سێ هەفتەی ڕابردوو گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە نزیك شاری سەماوە لە نزیك گرتووخانەی (نوگرە سەلەمان)، دۆزرایەوە و دوای هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكە ڕوفاتی 171 كوردی تێدا بوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل