فڕۆشتنی جۆرێكی شیرنی لە سلێمانی قەدەغە كرا

:: PM:06:11:23/08/2019 ‌
قائمقامیەتی‌ سلێمانی‌ لەبارەی فڕۆشتنی جۆرە نوقڵێك لەسەر شێوەی جگەرە هۆشداری توند بەدووكاندارەكان دەدات و داوایش لە دایكان و باوكان دەكات بەوریاییەكی زیاترەوە ئاگاداری ئەو خواردن و خواردنەوانەبن كه‌ منداڵەكانیان دەیكڕن.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتی‌ سلێمانی له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌ ڕای گەیاند، ئاگاداری خاوەنی سەرجەم دووكان و ماركێت و فرۆشگاكانی سنووری شاری سلێمانی دەكەینەوە، كە فڕۆشتنی ئەو نوقڵ و شیرینیانەی لە شێوەی جگەرە دروستكراوە قەدەغەیە، لە هەرشوێنێك دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەكەی ڕوبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

زیاتر گوتوویه‌تى، بەهۆی هەبوونی كاریگەری خراپ لەسەر ڕەفتاری ئەو مناڵانەی ئەو جۆرە خواردن و شیرینانە دەخۆن، كە لەسەرشێوەی جگەرە دروستكراوە، یاسا و‌ ڕێنمایییەكان فرۆشتنی‌ قەدەغە كردووە‌ و سزای بۆ فرۆشیارەكەی دیاری كردووە، بۆیه‌ لەلایەن لیژنەی سێی سەر بە لیژنەكانە هاوبەشەكانی قائمقامیەتی سلێمانییەوە دەست بەسەر بڕێك لەوجۆرە شیرینیەدا گیراوە و لیژنەكان بەردەوام چاودێری ماركێت و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكەن هەركەس و شوێنێك لەو جۆرە نوقڵ و شیرینیە بفرۆشێت ڕوبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە‌.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەت داوا لە دایكان و باوكان دەكات بە وریاییەكی زیاترەوە ئاگاداری ئەو خواردن و خواردنەوانە بن كه‌ منداڵەكانیان دەیكڕن و ڕێگری بكەن لە كڕینی شتوومەكی نەشیاو، كە زیان بە ڕەفتاریان ده‌گەیەنێت و لەكاتی هەبوونی ئەوجۆرە نوقڵ و شیرینیانەدا لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتی سلێمانی ئاگادار بكەنەوە.


وشە - محەمەد میران