موزاحم حوێت: ژمارەی بێسەروشوێنەكانی عەرەبی سوونە زیاتر لە 40 هەزار كەسن

:: PM:09:15:24/08/2019 ‌

شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان رای گەیاند كە ژمارەی بێسەروشوێنەكانی عەرەبی سوننە ئەوەی بەدەستی میلیشیاكانی شیعەوە رفێنراون پێشبینی 15 هەزاریان بۆ دەكەین، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ژمارەكە لە نێوان 35-40 هەزار كەس دەبێت وەك ئاماری سەرەتایی.

لە ماوەی رابردوو پرسی رفێنراوانی عەرەبی سوننە دووبارە هاتەوە بەرباس كاتێك لە پارێزگای بابل لە فەرمانگەی پزیشكی داد نزیكەی 59 تەرمی نەناسراو بڕیاری بەخاكساپردنیان درا، ئەوكات بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننە پرسی رفێرنراوانی سوننەیان ورووژاند. 

حوێت بۆ "وشە" روونی كردەوە، هەموو پارێزگا و ناوچە سوننەكان خاوەنی ژمارەیەك كەسی چارەنووس نادیارن لەوانە لە پارێزگای نەینەوا كە زیاتر لە پێنج تا شەش هەزار كەسی نادیارە و پارێزگای سەڵاحەدینیش زیاتر لە پێنج هەزار كەسی شوێنبزركراوی هەیە، ئەوە كە ئێمە پێی دەزانین، چونكە خێزان هەیە بەتەواوەتی نادیارە و رەنگە كوژرابن، بۆیە پێشبینی زیاتر لە 35 بۆ 40 هەزار كەسی نادیار دەكەین.

زیاتر گوتی، داوا نەكردن بە راشكاوی بە دیاریكردنی چارەنووسی ئەوانە لەلایەن سەران و پەرلەمانتارانی سوننە بەهۆیكاری ئەوەیە كە ناتوانن كە زۆرینەیان لایەنگری ئێرانن، راستە ئەوان سوننەن، بەڵام ئەوان فەرمان لە ئێران وەردەگرن و ئەوانەشی ئەوانیان رفاندووە ئێرانین، بۆیە ئێمە كە داوای دیاریكردنی چارەنووسی ئەوان دەكەین، ئەگەر سەر بە داعشن كێشەمان نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و سزا بدرێن، بەڵام كەسانی بێتاوان هەن كە گیراون یان كوژراون.

حوێت دووپاتی كردەوە كە ئەو تەرمانەی لە پارێزگای بابل دۆزرانەوە عەرەبی سوننەن و ئەگەری هەیە نەتەوە و ئاینی تریشیان تیادابێت، لە چەند ناوچەیەكی جەرف ئەلسەخر رفێنراون كە كوشتارگەی تیادا رووی داوە تەرمی زۆرێكیان شاردووەتەوە و تەنیا ئەوانە ئاشكرا بوونە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل