فوئاد حوسێن: لاوازكردنی پێوەندییەكانی بەغدا و تاران دەبێتە هۆی لادانی عەبدولمەهدی

:: PM:05:35:01/09/2019 ‌
تا دێت پرسی لادنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاتر گەنگەشە دەكرێت، بەرپرسانی باڵای عێراقی ئاماژە بەوە دەدەن قەدەغەكردنی هاوردەكردنی گاز لە ئێران دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران دەڵێ، حكوومەتی عەبدولمەهدی لە ژێر هەژموونی ئێراندایە.

فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی دەڵێ، لاوازكردنی پێوەندییەكانی بەغدا و تاران دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی لە رێگەی پەرلەمانەوە.

حوسێن كە قسەی بۆ گرووپی تەنگژەكانی نێودەوڵەتی (ICG) كردووە و لە تازەترین راپۆرتی گرووپەكە ئەمڕۆ یەكشەم یەكی ئەیلوول بڵاو كراوەتەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات ئەگەر عێراق گاز لە ئێران نەكڕێت ئەوا زیان بە حكوومەت دەگات و دووچاری ئاستەنگی سیاسی دەبێتەوە، ئەمەش وای كردووە بەغدا نەتوانێت مامەڵە بازرگانییەكانی لەگەڵ تاران رابگرێت ئەگەرچی واشنتن گوشاری زۆر دەكات.

زیاتر روونی كردەوە، عێراق دەتوانێت گاز و كارەبا لە وڵاتانی تر هاوردە بكات، بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی لاوازكردنی پێوەندییەكانی عێراق و ئێران ئەوا ئەگەری زۆرە لە رێگەی پەرلەمانەوە متمانە لە سەرۆك وەزیران و حكوومەت وەربگیردرێتەوە.
 
راپۆرتەكەی (ICG) بە ناونیشانی (خۆلادان لە گەردەلوولە كەڵەكەبووەكان)، كە دیمانەیەكی درێژییان لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دارایی، ئەنجام داوە، ئاماژە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كراوە و وەزیری دارایی پێی وایە حكوومەت كاریگەرە بە هەژموونی ئێران زیاتر لە هەژموونی ئەمەریكا، گوتی، "كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كە زۆرینە سەركردە سیاسییە گەورەكانی لە دەرەوەی لیستەكانی پەرلەمانن، وای كردووە زیاتر رووبەڕووی سەندنەوەی متمانە ببێتەوە، كەتنە خوارەوەی مووشەك لە نزیك باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردوو دۆخەكەی زیاتر گرژ كردووە، هاوكات ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر گرووپە چەكدارەكان كە پشتگیری دەكرێن و دەگوترێت ئیسڕائیل ئەنجامی داوە".

جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری هێما بۆ ئەوە دەكات كە  دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی پێیان وایە دامەزراوە عێراقییەكان و دامەزراوەی سەربازی و تەناهی هێشتا لاوازە و حكوومەتیش پشتگیرییەكی لاوازی لەلایەن پەرلەمانەوە لێ دەكرێت.

"ئیدارەی عەبدولمەهدی توانای رێگرتنی نییە لە گرووپە چەكدارەكان ئەگەر بیانەوێت وەڵامی هێرشەكان بدەنەوە، هێشتا كۆنتڕۆڵی سەرۆك وەزیران بۆ گرووپە چەكدارەكانی حەشد لاوازە، ئەگەرچی هەوڵدەدات كۆنتڕۆڵیان بكات و تێكەڵ بە هێزە تەناهییەكانی تریان بكات". فواد حوسێن وای گوت.

گرووپی تەنگژەكانی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە پێویستە واشنتن و تاران، بەغدا لە ململانێیەكانی نێوانیان بە دوور بگرن، ئەگەریش گرژییەكان لەوە زیاتر ئاڵۆز بن ئەوا سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق لە هەمووان زیاتر مەترسییان لەسەر دەبێت بۆ هێرشكردنە سەریان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، لە دەرئەنجامی ئەمەشدا بۆشایی تەناهی دروست دەبێت و رەنگە رێخۆشكەر بێت بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.


وشە - فه‌رمان سادق