لێپرسینەوە لە وەزیرەكان دەستی پێ كرد

:: PM:03:25:14/09/2019 ‌

هاوكاتی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، پرسی لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، تەوەرێكی گرنگی دانیشتنەكەی پەرلەمان بووە. پەرلەمانتاێكی هاوپەیمانی نەسڕ دەڵێ، دوای دوو هەفتەی تر لێپرسینەوە لە وەزیرەكان دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، نەدا شاكر جەودەت پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسڕ رای گەیاند، پرسی لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی كابینەی حكوومەت لە هەفتەی سێیەمی تەمەنی ئەو وەرزەی پەرلەمان دەست پێ دەكات، لەم دوو هەفتەیەش پەرلەمان سەرقاڵ دەبێت بە یاساكانی دادگای فیدڕاڵ و نەوت و غاز و یاسای تر.

نەدا گوتی "پەرلەمان بڕیار لە لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی حكوومەت لە هەفتەی سێیەمی تەمەنی دەدات، یان هەفتەی دوای ئەو، هەموو ئەو وەزیرانەشی داوای لێپرسینەوەیان لەسەر هەیە، دۆسیەكانیان لە رووی یاسایی و كارگێڕی تەواو بووە و چاوەڕوان دەكرێت بخرێنە كارنامەی دانیشتنەكان".

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی نەسر هێمای بۆ ئەوەش كرد كە پەرلەمان رژدە لەسەر كۆتاهێنان بەو پڕۆژە یاسایانەی كە ناكۆكی لە نێوان لیستەكانی پەرلەمان لەسەریان هەیە، وەك هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای فیدڕاڵ و نەوت و غاز كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە.

جێی باسە پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە پشووی پایزە هێنا كە ماوەكەی 38 رۆژ بوو، ئەمڕۆ شەموو دەستی بە دانیشتنەكانی كردەوە.

فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق