شاجوانە كوردەكەی دنیا گەڕایەوە

:: PM:07:06:22/09/2019 ‌
نینا موراد كچە شاجوانەكەی دووەمی دنیا گەڕاوەتەوە كوردستان بۆ پڕۆژەیەكی تایبەت بە خەڵكی كوردستان و وەك كچە كوردێك و وەك شاجوانێكی دنیا، شانبەشانی هاوكاریكردنی وڵاتانی دنیا، هاوكاری خەڵكی كوردستانیش دەكات.

نینا موراد، شاجوانی دووەمی جیهان بۆ ساڵی 2016 گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك زنجیرەیەك وێنه‌ى جۆراوجۆر تازه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

نینا، له‌سه‌ر وێنه‌كانى نووسیویه‌تى، "چەند ڕۆژێكە گەڕاومەتەوە هەرێمی كوردستان و لێرەش زنجیرەیەك چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین"، ئه‌وە چەند ڕۆژێكە لە شاری ڕانیە و قەڵادزێیە، زنجیرەیەك چالاكیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە و هاوكاری قوتابخانە و قوتابیان و منداڵی نەخۆشی كردووە.

شایە‌نی باسە‌ نینا لە‌دایكبووی ساڵی 1995ە ‌و لە ڕانیە‌ لە دایك بووە و نیشتەجێی ئوستراڵیایە، خاوە‌نی دوو بڕوانامە‌ی بەكالۆریۆسە لە بوارەكانی پە‌روە‌ردە و زانست و وانەی تایبە‌تی خوێندن لە یە‌كێك لە خوێندگەكان دەڵێتەوە لەو وڵاتە و قوتابی دوا قۆناغی زانكۆیە، ئەندامی كۆمەڵەی گەنجانی ئەدەلایە لە هەمان وڵات‌، ساڵی ڕابردوو لەگەڵ زیاتر لە 30 وڵاتی جیهانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی خانمانی جیهانی كرد و پێشبڕكێیەكە ئەنجام درا و تێیدا ناوبراو تاجی شاجوانی دووەمی جیهانی لەسەر نا.








وشە - محەمەد میران