له هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و 800 ناوچه‌ی گه‌شتیاری هه‌ن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ تا كۆتایی ئه‌مساڵ سه‌رووی سێ ملیۆن گه‌شتیار روویان تێبكه‌ن، ئه‌م كه‌رته رێكنه‌خراوه، ئه‌گه‌رچی هه‌لی كاریان بۆ هه‌زاران كه‌س ره‌خساندووه، به‌ڵام جگه له زبڵ و خاشاك و پیسكردنی ژینگه، داهاتیان بۆ حكوومه‌ت نییه و ئه‌و پاره‌یه‌ی خه‌رجی ده‌كه‌ن بۆ گیرفانی دوكاندار و شوێنه‌كانی تره.
به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كان، له كوردستان 625 هوتێل، 360 موتێل، 80 گوندی گه‌شتیاری هه‌ن. تا ئێسته فه‌لسه‌فه‌ی گه‌شتیاری له كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای سروشت گونجێنراوه، ئه‌مه وایكردووه گه‌شتیار ته‌نیا له وه‌رزی به‌هار و هاویندا بێن و نه‌توانراوه وه‌ك پێویست له وه‌رزی زستان، سه‌رنجی گه‌شتیار رابكێشن.
ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار رای ده‌گه‌یه‌نێت كه به‌گشتى دوو هه‌زار و 800 ناوچه‌ی گه‌شتیاری له كوردستان هه‌ن، هوتێل و موتێل و گونده گه‌شتیارییه‌كانیش شوێنی حه‌وانه‌یان بۆ 71 هه‌زار گه‌شتیار دابین كردووه.
له ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، ملیۆنێك و 750 هه‌زار گه‌شتیار روویان له كوردستان كردووه و پێشبینی ده‌كرێ به شه‌ش مانگی دووه‌م، ژماره‌ی گه‌شتیار بگاته سێ ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س.
جگه له كۆمپانیاكانی گه‌شتیاری و هوتێل و مۆتێل و ناوچه گه‌شتیارییه‌كان كه سوودمه‌ندی راسته‌وخۆن له ده‌ستخستنی داهات، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ رێكارێكی نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی راسته‌وخۆی ده‌ست بكه‌وێت، شاره‌زایانی گه‌شتیاری چه‌ند رێیه‌ك ئاماژه پێ ده‌ده‌ن، له‌وانه وه‌رگرتنی هه‌زار دینار له هه‌ر گه‌شتیارێك.
شه‌فیق بانیشاری په‌یامنێری "وشه" ده‌ڵێ، له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا یه‌ك هوتێل هه‌یه، له گوندی ته‌وێڵه نۆ خانووی گه‌شتیاریی و ئه‌حمه‌د ئاوا 12 كابینه‌ی گه‌شتیاری تێدایه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌ڤه‌ره پڕه له ناوچه‌ی گه‌شتیاری.
وه‌هاب ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری هه‌ڵه‌بجه، به په‌یامنێری "وشه" ده‌ڵێ، له نۆ مانگی رابردوودا 170 هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له هه‌ڵه‌بجه كردووه، ئه‌وانه‌یشی روویان له هاوینه‌هه‌واره‌كانی ئه‌حمه‌د ئاوا، ئاوێسه‌ر، چاوگ، خه‌رپانی، ڕیشێن و زه‌ڵم كردووه، تۆمار نه‌كراون.
زیاتر گوتی "هه‌ر گه‌شتیارێك رۆژانه 50 هه‌زار دینار خه‌رجی بووه، به‌ڵام هیچ بڕێك له‌و پاره‌یه نه‌بووه‌ته داهاتی راسته‌وخۆ بۆ حكوومه‌ت".
له كوردستان سیستمی باج به‌شێوه‌یه‌كه ساڵانه یه‌ك جار ده‌درێت، ئه‌ویش رێكنه‌خراوه، به‌ڵام حكوومه‌ت ده‌توانێ كه راسته‌وخۆ به‌شدار بێت له‌و داهاته‌ی گه‌شتیار ده‌یهێنێته هه‌رێمه‌كه‌یه‌وه، له به‌رانبه‌ر ئه‌و ریكلامه فراوانه‌ی حكوومه‌ت له هه‌موو ئاسته‌كاندا بۆ گه‌شته‌وه‌ریی ده‌یكات.
زریان ته‌ها په‌یامنێری "وشه" له هه‌ولێر، ده‌ڵێ، به‌پێی ئاماری شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، ملیۆنێك و 283 هه‌زار و 33 گه‌شتیار روویان له هه‌ولێر كردووه كه به‌شی زۆریان عه‌ره‌بی عێراقین. به قسه‌ی نه‌ریمان گه‌ردی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر بۆ"وشه"، هه‌ر گه‌شتیارێك نزیكه‌ی 300 دۆلار خه‌رج ده‌كات.
زیره‌ك بیا ئیلیا سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه و چێشتخانه‌كان، به په‌یامنێری "وشه" گوت، "له هه‌ولێر، 281 هۆتێل، 123 مۆتێل، 43 گوندی گه‌شتیاری، 340 چێشتخانه، 115 كافتریا هه‌ن".
پارێزگای دهۆك یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی كوردستان كه له ساڵانی رابردوو ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی ده‌نگی دایه‌وه و خه‌ڵكێكی زۆر رووی تێده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌مان دۆخی ناوچه‌كانی تری هه‌یه و داهاتی گه‌شتیاری بۆ گیرفانی خه‌ڵكه و هیچی بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت تێدا نییه.
بۆ ده‌ستخستنی داهات بۆ حكوومه‌ت، شاره‌زایانی گه‌شتوگوزار داوای رێكخستنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی باج و رسوومات ده‌كه‌ن
نه‌وزاد هلۆری په‌یامنێری "وشه" له دهۆك گوتی، ته‌نیا له سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر له 260 ناوچه‌ی گه‌شتیاری هه‌ن كه 50 ناوچه‌یان ده‌كه‌وێته شارۆكه‌ی ئامێدی، هاوكات 135 هوتێل و موتێل و گوندی گه‌شتیاری و 105 چێشتخانه هه‌ن، 75 كۆمپانیا گه‌شتیار له پارێزگاكانی عێراق بۆ دهۆك دێنن، ناوچه گه‌شتیارییه‌كانیش توانای له خۆگرتنی 18 هه‌زار گه‌شتیاریان بۆ هه‌ر شه‌وێك مانه‌وه هه‌یه.
هۆشیار عه‌لی په‌یامنێری "وشه" له سلێمانی ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، سه‌ردانی گه‌شتیار بۆ سلێمانی زیادی كردووه، له ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 800 هه‌زار گه‌شتیار روویان له سلێمانی كردووه كه به‌شی زۆریان عه‌ره‌بی عێراقین.
په‌یامنێری "وشه" روونی كرده‌وه، له سلێمانی زیاتر له 120 كۆمپانیای گه‌شتیاری هه‌ن، ئه‌مه جگه له سه‌دان هوتێل و موتێل و چێشتخانه، جگه له رسووماتی ساڵانه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت، هیچ داهاتێك له هاتنی ئه‌و 800 هه‌زار گه‌شتیاره بۆ حكوومه‌ت نییه.
گه‌رمیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ریاچه و رووباری سیروانی هه‌یه، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كی گه‌شتیاریی تێدا به‌دی ناكرێت و ته‌نانه‌ت له‌و رووباره 720 كیلۆمه‌ترییه‌دا یه‌ك كه‌پریش نییه.
سه‌بری هۆرێنی په‌یامنێری "وشه" له گه‌رمیان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هوتێل و موتێل هه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ی گه‌شتیاران كه روو له گه‌رمیان ده‌كه‌ن، شه‌وان له ماڵی ناسیاو و خزم ده‌مێننه‌وه و ناچنه هوتێله‌كان، ئه‌مه‌ش وایكردووه ژماره‌یه‌كی كه‌می گه‌شتیار روو له هوتێله‌كان بكه‌ن.
ئه‌نوه‌ر عه‌بدولقادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتیاری گه‌رمیان، بۆ "وشه" رای گه‌یاند، له ماوه‌ی نۆ مانگی رابردوودا نزیكه‌ی 33 هه‌زار گه‌شتیاری عه‌ره‌ب و فارس روویان له گه‌رمیان كردووه، هه‌ر گه‌شتیارێكیش نزیكه‌ی 120 هه‌زار دیناری خه‌رج كردووه، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه هیچی نه‌بووه به داهات بۆ حكوومه‌ت جگه له رسووماتی ساڵانه‌ی كۆمپانیاكان نه‌بێت.
زیاتر گوتی، "ساڵانه هه‌ر كۆمپانیایه‌ك 200 هه‌زار دینار وه‌ك باج به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باج و ده‌رامه‌ت و گه‌شتوگوزاری گه‌رمیان ده‌درێت".
"به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی بۆ گه‌شت روو له گه‌رمیان ده‌كه‌ن، شه‌وانه له ماڵی خزمانیان ده‌مێننه‌وه، ئه‌مه‌ش وای كردووه پاره‌ی كه‌متر خه‌رج بكه‌ن" ئه‌نوه‌ر وای گوت.
مورشید برادۆستی په‌یامنێری "وشه" له سۆران ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، له ماوه‌ی نۆ مانگی رابردوودا نزیكه‌ی 800 هه‌زار گه‌شتیار روویان له شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی سۆران كردووه كه خۆی له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی سۆران، رواندز، باڵه‌كایه‌تی و مێرگه‌سۆر ده‌بینێته‌وه.
بارزان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران بۆ "وشه" نه‌یشارده‌وه كه پێشبینی ده‌كات ژماره‌كه بۆ ملیۆنێك گه‌شتیار به‌رز ببێته‌وه، به‌و پێیه‌ی هه‌موو رۆژانی هه‌ینی و شه‌موو به به‌رده‌وامی پێنج هه‌زار گه‌شتیار روو له شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران ده‌كه‌ن.
سۆران له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ربه پارێزگای هه‌ولێره و زۆرینه‌ی ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ولێریش ده‌كه‌ونه ئه‌و ده‌ڤه‌ره، بۆ راكێشان و هێنانی گه‌شتیاری زیاتر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سۆران رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ 100 كۆمپانیا كردووه.
له به‌دواداچوونی په‌یامنێرانی "وشه" ده‌رده‌كه‌وێ كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردووی ئه‌مساڵ نزیكه‌ی سێ ملیۆن گه‌شتیار روویان له كوردستان كردووه، جگه له باج و رسووماتی ساڵانه، هیچ داهاتێكی بۆ حكوومه‌ت نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان بوونه‌ته بارگرانی به‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كانی وه‌ك رێگه‌وبان، كاره‌با، ئاو، خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان، شاره‌وانییه‌كان و سه‌رقاڵكردنی پۆلیسی هاتوچۆ و هێزه‌كانی پاراستنی ته‌ناهی.
زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له فه‌رمانگه گه‌شتیارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته حكوومه‌ت، شوێنه‌واره مێژووییه‌كان ئاوه‌دان بكاته‌وه و خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بكات. پێشیان وایه كه ده‌كرێ له‌سه‌ر كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان بسه‌پێنرێت گه‌شتیاره‌كانیان بۆ ئه‌و شوێنه‌وارانه ببه‌ن كه چوونه ژووره‌وه‌یان به پاره بێت، له‌مه‌دا حكوومه‌ت ده‌توانێ داهاتی راسته‌وخۆی ده‌ست بكه‌وێت.
نه‌ریمان گه‌ردی ده‌ڵێ، حكوومه‌ت ده‌توانێ سوود له ناوچه شوێنه‌وارییه‌كان وه‌ربگرێت و پڕۆژه‌ی گه‌شتیارییان له‌سه‌ر بونیاد بنێت، ئه‌مه ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی داهات. ئه‌م لێدوانه له كاتێكدایه كه هیچ داهاتێك له گه‌شتوگزاره‌وه بۆ حكوومه‌ت نه‌چووه.
هاوكات حه‌مید ئامێدی یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگۆزاری ئامێدی روونی كرده‌وه، ره‌خساندنی هه‌لی كار و گه‌رموگوڕی له بازاڕ كه به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر سوودمه‌ند ده‌بن، داهاتێكی تری ناڕاسته‌وخۆی حكوومه‌ته، ته‌نیا له دهۆك نزیكه‌ی دوو هه‌زار ده‌رچووی به‌شه گه‌شتیارییه‌كان هه‌ن.
به‌ڵام به قسه‌ى ئارام شوانی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری سلێمانی، هه‌ر گه‌شتیارێك نزیكه‌ی 250 هه‌زار دینار خه‌رج ده‌كات و هیچی بۆ حكوومه‌ت نییه. ئاماژه‌ی دا، "حكوومه‌ت ده‌توانێ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌واری له پارێزگاكان ئاوه‌دان بكاته‌وه و خزمه‌تگوزاریی باشیان بۆ دابین بكات، چوونه ژووره‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه به پاره بێت، لێره‌دا داهاتێكی باشی ده‌ست ده‌كه‌وێت، كوردستانیش ده‌وڵه‌مه‌نده به شوێنه‌واره مێژووییه‌كان".
بارزان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هه‌ر گه‌شتیارێك نزیكه‌ی 70 تا 120 هه‌زار دینار خه‌رج ده‌كات، به‌ڵام هیچ داهاتێكی بۆ حكوومه‌ت نییه جگه له باج و رسووماتی ساڵانه كه هی ده‌ڤه‌ری سۆران 300 ملیۆن دینار ده‌كات.
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران پێشنیار ده‌كات كار به سیستمی هاوبه‌ش بكرێت له پێدانی زه‌وی به وه‌به‌رهێنه‌رانی گه‌شتیاری و دووپاتی ده‌كاته‌وه "له‌مه‌دا حكوومه‌ت داهاتێكی زۆری ده‌ست ده‌كه‌وێت".
لای خۆیه‌وه عه‌بدولڕه‌زاق نهێلی شاره‌زای گه‌شتیاری بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه هه‌ر گه‌شتیارێك له نێوان 150 هه‌زار بۆ 360 هه‌زار دینار خه‌رج ده‌كات له كوردستان، له‌مه‌دا 10% بۆ 15%ـی ده‌بێته داهاتی راسته‌وخۆ بۆ حكوومه‌ت، حكوومه‌ت ده‌توانێ به‌رانبه‌ر دابینكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه گه‌شتیارییه‌كان، باج و رسوومات له شوێنه گه‌شتیارییه‌كان وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته داهاتێكی تر".
به‌ڵام حه‌میده جه‌مال هه‌ڵه‌بجه‌یی شاره‌زای بواری گه‌شتوگوزار، باس له‌وه ده‌كات كه له هیچ وڵاتێك سه‌ردانی ناوچه گه‌شتیارییه‌كان به خۆڕایی نییه، به‌ڵكو به رێنوێنیی رێكخراون، به‌ڵام له كوردستان گه‌شتیار ته‌نیا زبڵ و خاشاك و زیانگه‌یاندن به ژینگه، بۆ حكوومه‌ت جێده‌هێڵێت.
حه‌میده گوتی، "ده‌بێ هه‌ر گه‌شتیارێك بڕی هه‌زار دیناری لێ وه‌بگیرێت به‌رانبه‌ر سه‌ردانی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، ئه‌مه له‌سه‌ر گه‌شتیار زۆر ناكه‌وێت، به‌ڵام بۆ حكوومه‌ت له كۆی گشتى ده‌بێته داهاتێكی باش و ده‌توانێ له سندووقی گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه گه‌شتیارییه‌كان، بیكاته‌وه خه‌رجی رێگه‌وبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر".
هاوكات سامان كه‌ریم پسپۆڕی گه‌شتوگوزار تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر حكوومه‌ته ناوچه گه‌شتیارییه‌كان خزمه‌تگوزاریی ته‌واویان بۆ دابین بكرێت تا گه‌شتیار له رووی ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌وه هه‌ست به ماندوویی نه‌كات.
"له‌مه‌شدا حكوومه‌ت پێویسته پشتگیری ته‌واوی سێكته‌ری گه‌شتیاری بكات، ئینجا به ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت باج و رسوومات له‌سه‌ر شوێنه گه‌شتیارییه‌كان دابنێت، به جۆرێك له نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌یده‌ین به گه‌شتیار، بڕێك بۆ حكوومه‌ت بێت، ئه‌مه‌ش له زۆر وڵات پێڕه‌وی لێ ده‌كرێت" سامان وای گوت.
به‌ڵام فه‌رهاد خالید خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیارییه له هه‌ولێر، به پێچه‌وانه‌ی شاره‌زایانی گه‌شتیاری و به‌ڕێوه‌به‌رانی گه‌شتوگوزاری شاره‌كانی كوردستان، پێداگیری له‌وه ده‌كات كه "بۆ هاندان و هێنانی گه‌شتیاری زیاتر بۆ كوردستان، گرنگه حكوومه‌ت باج و رسوومات له‌سه‌ر شوێنه گه‌شتیارییه‌كان كه‌م بكاته‌وه، تا ئه‌وانیش نرخه‌كانیان هه‌رزانتر بكه‌ن، له‌م رێیه‌وه سه‌رنجی گه‌شتیار زیاتر رابكێشت تا جارێكی تر بێته‌وه".
وشه/ به‌دواداچوونی په‌یامنێران-ئاماده‌كردنی فه‌رمان سادق