لەسەر گەورەبوونی سنگ كۆمپانیایەكی دەرمان سزادرا

:: PM:08:28:09/10/2019 ‌
لەسەر سكاڵای نەخۆشێك، دادگایەكی ئەمەریكی كۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسنی بە هەشت ملیار دۆلار سزادا، ئەویش بەهۆی لێكەوتەی جۆرێك لە درەمانەكانی بەسەر سنگی پیاوان كە سنگی بەكارهێنەر گەورە دەكات.

نیكۆلاس موری یەكێك لەو نەخۆشانەیە كە حەبی "ریسبیردال"ی تایبەت بە نەخۆشییەكانیی دەروونی بەكارهێناوە كە لەلایەن كۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن بەرهەمی دەهێنێت، دەڵێ، هەستی كردووە بەشێوەیەكی بەرچاو سنگی گەورە بووە.

كۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن بە هەشت ملیار دۆلار سزادرا
گەورەبوونی سنگ، وا لە نیكۆلاس دەكات لە دادگایەكی ویلایەتی پەنسلڤانیا سكاڵا لەسەر كۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن تۆمار بكات. دوای بەدواداچوون لەسەر لێكەوتەكانی ئەو حەبە لەسەر گەورەبوونی سنگی پیاوان، دەركەوت ژمارەیەكی زۆر لە پیاوان هەمان كێشەیان هەبووە و لە ویلایتەكانی پەنسلڤانیا و كالیفۆرنیا و میزۆری سكاڵایان لەسەر كۆمپانیایەكە تۆمار كرد.

دادگا دواجار بڕیاریدا كە كۆمپانیایەكە دەبێت بە 680 هەزار دۆلار قەرەبووی نیكۆلاس بكات، هاوكات سزای پێژماردنی بە هەشت ملیار دۆلاریشی لەسەر كۆمپانیایەكە سەپاند.


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌