داوا دەكرێت پەلە لە ناردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی بۆ پەرلەمان بكرێت

:: PM:04:09:30/10/2019 ‌


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات ئەگەر چاكسازی نەكرێت، ئەوا باردۆخی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق تێك دەچێت، بۆیە پێویستە بە زووی پڕۆژەی چاكسازی بنێرێتە پەرلەمان .

ئەمڕۆ چوارشەم 30ی تشرینی یەكەم، شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت بودجەی هەرێمی كوردستان دیار بێت، بەڵام بودجە دیار نییە، دوای تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ لە دەستبەكاربوونی  كابینەی نۆیه‌می حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستە چاكسازییەكان دیار نییە و هەروەها هێزی پێشەمەرگەی كوردستان یەكنەخراوەتەوە.

پێویستە بە زووترین كات ئەو چاكسازیانە بێتە پەرلەمانی كوردستان و ئەو ناشەفافییە نەمێنێت لە داهات

شێركۆ جەودەت ئەویشی گوت، ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی هۆشیاری دەدەین لە تێكچوونی باردۆخی هەرێمی كوردستان  هاوشێوەی ناڕەزایەتییەكانی عێراق، چونكە گەنجانێكی زۆر بێكارن و دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان،كه‌ حكوومەت و كەرتی تایبەت نایانگرێتەخۆ، ئەوەیش بێزاری لە ناو خەڵك و هاووڵاتییان دروست كردووە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دووپاتی كردەوە، پێویستە بە زووترین كات ئەو چاكسازیانە بێتە پەرلەمانی كوردستان و ئەو ناشەفافییە نەمێنێت لە داهات، بودجەی هەرێمی كوردستان بنێردرێتە پەرلەمان و كە ماوەی پێنج ساڵە دیار نییە.

ئەوە لەكاتێكدایە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریتییە لە ئەنجامدانی چاكسازی، بەپێی زانیارییەكانیش ئەنجوومەنی وەزیران سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازییە.



وشە - زریان تەها