فشارەکان بۆ دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی زیادی کردووە

:: PM:02:44:31/10/2019 ‌

بەپێی هەندێك زانیاری لە هەندێك دەزگای راگەیاندنی عێراقی بڵاو كراوەتەوە، لە چەند سەعاتی داهاتوو چارەنووسی عادل عبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران یەكلا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 31ی تشرینی یەكەم، مەیادە نەجاڕ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ "وشە" راگەیاند، تا دێت خۆپێشاندانەكانی عێراق ڕووە و فراوانبوونە، سیناریۆكان بۆ ئەوە دەچن كە دوو لایەنی شیعی لە عێراق داوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن.

تەواوی نوێنەرانی وڵاتان لەگەڵ مانەوەی عادل عبدولمەهدیدان

نەجاڕ ئەوەیشی خستەڕوو،  بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان عادل عبدولمەهدی ئامادە بێت، بەڵام ئامادەی دانیشتنەكە نابێت.

لەسەر ئەوەی نوێنەرایەتی وڵاتان لە عێراق چی دەڵێن لەسەر بارودۆخەكە ئەو ئەندامە گوتی، بەپێی زانیارییەكانم  تەواوی نوێنەرانی وڵاتان لەگەڵ مانەوەی عادل عبدولمەهدیدان، بەڵام بە ئەنجامدانی چاكسازی و جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران، چونكە خەریكە عێراق بەرەو پشێوی هەنگاو دەنێت و ڕۆیشتن و هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت شتێكی ئاسان نییە، چونكە لە رابردوو تا لەسەر كەسێك ڕێككەوتین چەند مانگمان پێ چوو.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە نامەیەك داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بچێت بۆ بەردەم پەرلەمان و دەست لەكار بكێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، سەرۆك وەزیران وەڵامی نامەكەی نامەی دایەوە گوتی، رێی ئاسانتر هەیە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ئەویش بە ڕێككەوتنی ئێوە و هادی عامری. 



وشە - زریان تەها