نوێنەرانی كورد: بابەتی دەسكاری دەستوور جارێ هەر قسەیە

:: AM:08:45:06/11/2019 ‌

مانگی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ هەمواری دەستوور، لیژنەكە لە 19 كەس پێكهاتووە و تەنیا سێ ئەندامی كوردن. كورد پێی وایە هەموارەكە جارێ هەر قسەیە و روون نییە چۆن دەكرێ. بەڵام بە گشتی دۆخی عێراق ئەگەری گۆڕانكاری لێ دەكرێت، بۆیە داوای بوونی كورد بەهێزی سیاسیی و یاساییەوە لە بەغدا دەكرێ.

لە كاتێكدا خۆپێشاندانەكانی عێراق بەردەوام لە گەشەكردندایە، قسەوباسی گۆڕینی دەستوور بووەتە مژارێكی تری گۆڕەپانی سیاسیی عێراق. ئەوەیش ترس و گومانی لای كورد دروست كردووە.

بەڵام مەیادە نەجاڕ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ "وشە" دەڵێت، جارێ زووە باس لەوە بكەین كە گۆڕانكارییەكانی دەستوور كاریگەری لەسەر مافەكانی كورد دەبێـت یان نا، چونكە داخوازی ئەو لیژنەیە نەخراوەتە ڕوو.
مادەی 126ی دەستوور، نابێ هیچ هەموارێك لەو مادانە بكرێت كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەكان.

بەگوتەی نەجاڕ، هەندێك لایەنی سیاسی بەئەنقەست تۆپی هەمواری دەستووریان فڕێ دایە ناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران تا هەندێك لە مافەكانی خۆیان زیاد بكەن و بەشێك لە مافەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە، ئەوەیش قبووڵكراو نییە لای نوێنەرانی كورد و سازشی لەسەر ناكەن.

بڕگەی چوارەمی مادەی 126ی دەستوور دەڵێت، نابێ هیچ هەمواركردنێك لەو مادانە بكرێت كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەكان كە ناكەونە سنووری دەسەڵاتە تایبەتمەندەكانی  فیدڕاڵییەوە، تەنیا بە رەزامەندی پەرلەمانی هەرێم و زۆرینەی دانیشتووانەكەی نەبێت.

دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 دەنگی گەلانی عێراقی بەدەست هێنا، بەڵام لە زۆر خاڵدا روون نییە و هەر لایەنێك بەپێی خواستی خۆی شرۆڤەی بۆ دەكات.

هاوكات ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ "وشە" چەند پرسیارێكی خستە ڕوو بەوەی، جارێ دەبێ بزانین ئەو لیژنەیە هەموارەكە چۆن پێشكەش دەكات، هەروەها ئەو بڕیارانەی دەدرێت بە زۆرینەیە یان بە سازان، ئاخۆ مەبەست ئەوەیە مافی كورد كەم بكرێتەوە یان تەنیا شتێكی ڕۆتینی پەرلەمانە و پێویست ناكات گرنگی پێ بدرێ؟.

هەرێمی كوردستان بەر لە رووخانی سەدامی دكتاتۆر لە 2003 لەلایەن ئەمەریكاوە، هەر وەك ناوچەیەكی فیدراڵی جێگیر بووبوو، بەڵام پێوەندی لەگەڵ ناوەند /بەغدا/ نەبوو. دوای رووخانی سەدام هەرێمەكە و مافەكانی لە دەستوورەكەدا جێگیر كران.

 هەڵمەت غەریب شارەزای دەستوور بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە ئەو لیژنەیەی دیاری كراوە، بڕگە و مادەكانی دیاری نەكردووە كە دەیەوێ چی بكات، بۆیە ئەگەر ئەو مادانە دەستنیشان بكات كە مافی گەلی كوردی تێدا چەسپێنراوە، ئەوە زۆر خراپە و پێویستە رێگری لێ بكرێت، یان ئەوەیە ئەو لیژنەیە دەیەوێ لە بودجە مافی هاووڵاتی دیاری بكرێت كە ئەویان شتێكی باشە.

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر ئەندامێكی تری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ "وشە" باسی هەمواری دەستوور دەكات و پێی وایە، مافەكانی كوردیش دەگرێتەوە و رەنگە كەم بكرێتەوە و رەنگە زیاد بكرێت و لە بەرژەوەندی كورد بێت، هەروەها لە مادەی 140 ئەوەی لە دەستوور دیاری كراوە، ئاساییكردنەوە و سەرژمێری و راپرسی، ئەگەر لەو سێیە لابدات، ئەوا خراپە.

ئەو دەڵێ "داوامان لە سەركردایەتی كورد كردووە لیژنەیەك لە كەسانی پسپۆڕ لە بواری یاسا و دەستوور دەستنیشان بكرێت، هاوكات لیژنەیەكی سیاسی لە تەواوی حزبەكان بنێرنە بەغدا بۆ پشتیوانی لە نوێنەرانی كورد.

بەپێی بڕگەی چوارەمی مادەی 142، راپرسییەكە لەسەر مادە هەمواركراوەكان بە سەركەوتوو دادەنرێت، ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران رەزامەندی لەسەر بدەن، هەروەها دوو لەسەر سێی دانیشتوانی سێ پارێزگا رەتی بكەنەوە، سەركەوتوو نابێت.

جێی باسە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ هەمواری دەستوور كە لە 19 كەس پێكهاتووە، سێ لەوان ئەندامی كوردن و لە هەریەك فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان تێیدا بەشدارن.  





وشە - زریان تەها