لە هەولێر بەكارهێنانی نایلۆن قەدەغە دەكرێت

:: PM:12:10:12/11/2019 ‌
بەڕێوەبەری پاراستی تەندروستی هەولێر ئاشكرای دەكات، دوو كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە بۆ دابینكردنی كیسی نایلۆن بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان و دەمانەوێ بە كەمترین نرخ پێیان بدەین.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی تشرینی دووەم، سەرهەنگ جەلال بەڕێوەبەری كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە بەرپرسەكانی هەولێر بۆ دابینكردنی كیسی ئاسایی لە شوێنی نایلۆن بە باشترین كوالێتی.

پێویستە كار نەكاتە سەر نرخی نان و سەموون
بەڕێوەبەری كاروباری پاراستنی تەندروستی گوتی، دابینكردنی كیس لە شوێنی نایلۆن، پێویستە كار نەكاتە سەر نرخی نان و سەموون، بەڵكو پێویستە بە نرخێك بێت خاوەن نانەواخانەكان نرخی نان زیاد نەكەن یان كێشی نان كەم نەكرێتەوە.

ئاشكرای كرد، دوو كۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری نانەواخانە و كۆمپانیای دروستكردنی نایلۆن و بەرپرسی چاودێری بازرگانی هەولێر ئەنجام داوە، بێگومان لە هەولێریش لە شوێنی نایلۆن دەبێت كیس بەكار بهێنرێت بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان.

پێشتر وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە شارەكان كردبوو هەوڵ بدەن كیس لە شوێنی نایلۆن لە نانەواخانە و سەموونخانەكان بەكار بهێنرێت.



وشە - رامیار جەواد