عێراق.. وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوا دەخرێت

:: PM:06:50:12/11/2019 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا كە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دوا بخات، كە یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپێشاندان پەكخستنی یاسای تایبەت بوو بە ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بڕیار بوو لە 20ی نیسانی 2020 بێتە ئەنجامدان.

عەبدولمەهدی لە هەوڵەكانی بۆ هێوركردنەوەی شەقام بەردەوامە
خۆپێشاندانەكانی عێراق بەردەوامە و حكوومەتی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، یەكشەمی رابردوو خۆپێشاندەران رایان گەیاند كە پێش هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستە چەند هەنگاوێك هەبێت لەوانە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای پارتە سیاسییەكان و پەككخستنی یاسای ژمارە 21 كە ئەنجوومەنی پارێزگاكان رێك دەخات، ماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژیان دیاری كرد.

وەك نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی كۆبووەتەوە و چەند بڕیارێكی دەركردووە لەوانە دواخستنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بۆ وادەیەكی دیاری نەكراو، لەوكاتەی بڕیار بوو لە 20ی نیسانی ساڵی داهاتوو بێتە سازكردن.

هاوكات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەردوو پڕۆژە یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی كردن بۆ گفتوگۆكردن و دەنگدان لەسەریان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل