پەكەكە لە سلێمانی و شارەزوور ڕێكخستنەكانی فراوان دەكات

:: AM:08:48:16/11/2019 ‌

پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"، ڕێكخستنەكانی لە ناوشاری سلێمانی فراوان كردووە و بە زۆر ڕێی جیاجیا هەوڵی ڕاكێشانی گەنجانی سلێمانی و شارەزوور دەدات بۆ ناو ڕیزەكانی. بە بڕوای چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕان، "ئەوە مەترسیی لەسەر هەرێم و بەتایبەتیش ناوچەی سلێمانی دروست دەكات".

ماوەیەكە فراوانبوونی ڕێكخستنەكانی پەكەكە، ڕەنگدانەوەی تەواوی لەناو دانیشتووانی سلێمانی و هەڵەبجە هەبووە و بە جۆرێكە ئێستە بیروباوەڕی پەكەكە و شێوازی خۆگۆڕین و قسەكردنی ئەو پارتە، بووەتە بەشێك لە سیما و دەركەوتنی گەنجانی سلێمانی و لەناو كچ و كوڕیشدا بێ جیاوازی ڕێكخستنەكانیان فراوان بووە.

ڕێناس عیسا ناوی خوازراوی كچێكی ٢٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانییە، ئەو لە ڕێی گرووپێكی كتێبخوێندنەوەوە لەگەڵ كچێك و دوو كوڕی تر تێكەڵ دەبێت كە لە ڕێكخستنەكانی پەكەكەدا كاار دەكەن. ئێستە ڕێناس زۆر دڵی خۆشە كە خۆی و ئامۆزایەكیشی بردووەتە ناو ڕێكخستنەكانی پەكەكەوە و كاریان بۆ دەكەن.
ڕێناس بە"وشە"ـی گوت، "زۆر هاوڕێمان هەیە هەفتەی دووجار دادەنیشین و ئەدەبیاتی پەكەكە دەخوێنینەوە و گفتوگۆی دەكەین، باوەڕم بە پەكەكە هێناوە، چونكە پرسی ئازادی كە پرسێكی قووڵ و گشتگیرە و پێوەستە بە بوون و ناوەڕۆكی مرۆڤەوە، ئەو هەڵگریەتی."
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، لەشكركێشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن پەكەكەوە لەناو سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، قۆزراوەتەوە و بەشێوەیەكی ئاشكراتر كادرەكانیان دەركەوتوون و ڕێكخستن دەكەن.

یەكێك لەو كادرانەی پەكەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو كارەی ئێمە دەیكەین بەرخودانە، لەپێناو ئازادی و وڵات و دژی داگیركەر خەباتێكی گەورە بەرپا دەكەین.

ئاماژەی دا، "ئێمە نە بە زۆر داوای كەس دەكەین و نە كەسیش لای ئێمە بە زۆر جێی دەبێتەوە، بەڵكو گفتوگۆ لەگەڵ گەنجانی سلێمانی و ناوچەكانی تر دەكەین و بیروباوەڕ و فەلسەفەی كار و تێڕوانینی خۆمانیان بۆ باس دەكەین، بەو جۆرە بەشدار دەبن و دێنە ڕێكخستنەكانەوە، یان ڕەتی دەكەنەوە."

"وشە" ئەوەی زانیوە كە كادرەكانی پەكەكە لەناو ناوەندە كولتووری و هونەرییەكانی سلێمانی و ناوچەكانی تردا، چالاكن و لە هەر گەنجێك نزیك دەبنەوە كە سەردانی سینەما، كتێبفرۆشی، ناوەندەكانی فێربوونی زمان و موزیك و كۆنسێرت و هەموو ئەو شوێنانەی تر كە چالاكیی هونەری و كولتوورییان تێدا دەكرێت، دەكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، یەكێتی بە نهێنی هاوكاریی تەواوی پەكەكە دەكات بەتایبەت لە گواستنەوەی كادرەكانیان لە نێوان سلێمانی و قەندیلدا، بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە و بەتایبەت توركیا، بۆیە یەكێتی ئەم كارە زۆر بە نهێنی دەكات.

بەرزان حامد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو هەوڵەی پەكەكە دەمێكە هەیە و تا بێت فراوانتر و زیاتریش دەبێت، بەڵام ئەوە كارێكی خراپە و دەبێ پەكەكە بزانێت بەو كارەی مەترسی لەسەر هەرێم بەگشتی و پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دروست دەكات.

توركیا لە تۆپبارانكردنی سنوورەكانی هەرێم و هاتنە ناوەوەی، هەموو كاتێك بیانووی بوونی پەكەكەی هێناوەتەوە، بۆیە بوونی پەكەكە لە ناوچەكانی سلێمانی بە مەترسی دەزانرێت كە ڕۆژێك توركیا بێتە ئەو ناوچانە بە بیانووی بوونی پەكەكە.

ئەوە جگە لەوەی لە ساڵی ڕابردوودا فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە بایكۆت كرابوو، چونكە نیگەران بوون لە یەكێتی بەوەی بەردەوام هاوكاریی پەكەكە دەكەن لە سنوورەكەیاندا.

بەرزان حامد زیاتر گوتی، "سەروەریی خاكی هەرێم دەبێ بۆ پەكەكە گرنگ بێت، چەند جارێكیش ئەوەمان گوتووە كە ناكرێ پەكەكە سنووری هەرێم بكاتە قوربانیی سیاسەتەكانی". 

ئێستە یەكێتی لە نێوان توركیا و پەكەكە هاوسەنگییەكی ڕاگرتووە
"لەو بڕوایەدام ئێستە یەكێتی لە نێوان توركیا و پەكەكە هاوسەنگییەكی ڕاگرتووە بۆ ئەوەی توركیایش گوشارەكانی لەسەر یەكێتی و سلێمانی قورس نەكات". حامد وای گوت.

ئاسانكارییەكانی یەكێتی بۆ پەكەكە لەم ماوەیەدا، بەشێكی ترسە و بەشێكیشی شەرمەزارییە، بەوپێیەی لە ماوەی رابردوودا دەزگە تەناهییەكانی ئەو حزبە ئاسانكاریی كرد بۆ كوشتنی دوو بەرپرسی باڵای پەكەكە لە ئەزمەڕ، كە توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردنی بە ئامانج.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە سلێمانی بە"وشە"ی راگەیاند، "یەكێتی ترسی لەوەیش هەیە كە پەكەكە دەزگەكانی بڕیبێ و زانیارییەكانیان دزە پێ بكات، چونكە هێشتا گومانی رفاندنی دوو ئەفسەرەكەی میت لە دووكان لەلایەن گەریلاكانی پەكەكەوە، هەر ماوە و جێی سەرسوڕمانە".

وشە/ سلێمانی- تایبەت



وشە - سلێمان تاشان