رۆژنامەیەك: سەدر ناتوانێت عەبدولمەهدی لابدات

:: PM:04:52:16/11/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەكانی عێراق كە داواكاری سەرەكی ئەوان هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و گۆڕینی تەواوی پرۆسەی سیاسییە، موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی "سائیروون" كە پاڵپشتی لێ دەكات، لە هەوڵەكانیان بۆ لادانی عەبدولمەهدی و حكوومەتەكەی بەردەوامە، رۆژنامەیەك ئاماژە دەكات كە ئیتر ئەگەری لادانی عەبدولمەهدی دوورە.

موقتەدا سەدر بەوە دەناسرێت كە خاڵی بەهێزی ئەو شەقامە و هەركاتێك بیەوێت گوشار بخاتە سەر حكوومەت، خەڵكی دەهێنایە سەر شەقام، بەڵام ئەوجارەیان گەنجانی ناڕازی بێ سەدر دەستپێشخەریان كرد وم شەقامیان داگیر كرد، بۆیە سەرەڕای هەوڵەكانی سەدر بۆ سەرپەرشتیكردنی شەقام، ئەوان رەتیان كردەوە و دوور لە قسە و مەرجەكانی سەدر، داواكاری خۆیان هەیە و داوای هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنێكی پێشوەختە دوور لەو پارتە سیاسییانەی ئێستە دەكەن.
سەدر كۆنترۆڵی شەقام و پەرلەمانی لەدەست داوە
رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"، لەو بارەوە دەڵێت، هەوڵەكانی هاوپەیمانی "سائیروون"، بۆ لێخستنی عادل عەبدولمەهدی، بۆ رزگاركردنی موقتەدا سەدر لە شەرمەزاربوونی لە بەرانبەر شەقام و ئێستەیش هەموو گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەبارەی گۆڕانكاری وەزیرەكان دێت و دەچێت نەوەك لادانی حكوومەت. 

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكی گوتی، ئێستە گفتوگۆی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەبارەی گۆڕانكاری هەشت تا 10 لە وەزیر و گەورە بەرپرسانی عێراقە نەوەك لادانی حكوومەت، لەوانە ئەبو جیهاد هاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی عەبدولمەهدی.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، ئێستە هەوڵەكانی "سائیروون"، بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ عەبدولمەهدی كاریگەری نییە ئەگەر رووش بدات، چونكە ئەو هاوپەیمانیەتییە درك بەوە دەكات كە دەنگی پێویستی نییە بۆ لادانی، بەو پێیەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكان پاڵپشتی لە مانەوەی دەكەن، ئەو هەڵوێستەی دەتوانرێت وا لێكبدرێتەوە بۆ دەربازكردنی سەدر لەو شەرمەزارییە جەماوەرییەی تووشی هاتووە، دوای ئەوەی زۆرینەی فراكسیۆنەكان پاڵپشتیان نەكرد.

لای خۆیەوە عەباس یابر عەتافی، پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەگەر عەبدولمەهدی لە پەرلەمان ئامادە نەبێت، بێ ئامادەبوونی لێپرسینەوەی بەڕێوە دەچێت، ئێستەش سەرۆكایەتی پەرلەمان چاوەڕوانی وەڵامی عەبدولمەهدییە بۆ ئەو پرسیارانەی ئاراستەی كراوە بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ لێپرسینەوەی، لەوكاتەی لادان و لا نەدانی دەوستێتە سەر دەنگی پەرلەمانتاران كە پێویستی بە دەنگی نیوە كۆ یەك هەیە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل